دواین هەواڵ

ئابوری‌

 7 کاتژمێر پێش ئێستا

قائیمقامیەتی سلێمانی: کێشەی غاز چارەسەر کراوە و دابەشکردنی بەبێ فۆڕم بەردەوامە

هەرێم نیوز

لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی قەزای مەڵبەندی سلێمانی، دڵنیایی تەواو دەدەنە هاووڵاتیانی شارەکە کە کێشەی کەمیی غازی شلی ماڵان بە تەواوی کۆتایی پێهاتووە و پرۆسەی دابەشکردنی بەبێ پێویستبوون بە فۆڕم یان کارتی خۆراک بەڕێوەدەچێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە (٣١ی ئایاری ٢٠٢٦)، عومەر عەبدوڵا، سەرۆکی لیژنەی غاز لە لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی ڕایگەیاند: "بڕی پێویست و شایستە لە غازی ماڵان بۆ سنووری پارێزگای سلێمانی بەردەستە؛ هاووڵاتیان دەتوانن لە هەر کات و شوێنێکدا بێت بە ئاسانی بتڵەکانیان پڕبکەنەوە و چیتر مەرجی وەرگرتنی کۆبۆنی خۆراک یان فۆڕمی تایبەت بۆ کڕینی غاز نەماوە."

دیاریکردنی نرخ و هێڵی گەرمی سکاڵا
سەرۆکی لیژنەی غاز لە قائیمقامیەتی سلێمانی تیشکی خستە سەر نرخی فەرمیی هەر بتڵێک غاز و هۆشداریدا: "نرخی دیاریکراو بۆ هەر بتڵێک غازی ماڵان تەنها ٨,٥٠٠ (هەشت هەزار و پێنج سەد) دینارە. لە کاتی وەرگرتنی هەر بڕە پارەیەکی زیادە لە لایەن بریکار و وەکیلەکانی دابەشکردنەوە، هاووڵاتیان دەتوانن ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە هێڵی گەرمی سکاڵاوە بکەن."

قائیمقامیەتی سلێمانی ژمارەی تەلەفۆنی (٠٧٧٠٨٦٧٧٧٧٧)ی بۆ پێشوازیکردن لە سکاڵای هاووڵاتیان تەرخان کردووە و جەختی کردووەتەوە کە بەرامبەر هەر سەرپێچییەک، توندترین ڕێکاری یاسایی بەرامبەر بریکارەکان دەگیرێتەبەر.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP