هەرێم نیوز
وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لێکۆڵینەوەیەکی ورد لە دۆسیەی گیانلەدەستدانی کچە پێشمەرگەیەک دەستپێدەکات کە بەهۆی وەرنەگرتنی لە نەخۆشخانەیەکی تایبەت گیانی لەدەستداوە، جەختیش دەکاتەوە کە نابێت ژیانی نەخۆش تێکەڵی ململانێی سیاسی بکرێت.
چیرۆکی گیانلەدەستدانی غەزال مەولان:
غەزال مەولان، کچە پێشمەرگەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، چەند ڕۆژێک پێش ئێستا بەهۆی هێرشێکی درۆنیی ئێرانەوە بۆ سەر کەمپی سوورداش بە سەختی بریندار بوو. دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانەی شۆڕش و کردنی چارەسەری سەرەتایی، بەهۆی نەبوونی جێگە لە بەشی چاودێریی چڕ (ICU)، داواکراوە ڕەوانەی نەخۆشخانەیەکی دیکە بکرێت، بەڵام نەخۆشخانەی "بەخشین"ی ئەهلی ئامادە نەبووە وەری بگرێت و بەو هۆیەوە گیانی لەدەستداوە.
پێکهێنانی لیژنەی لێکۆڵینەوە:
وەزارەتی تەندروستی ئەمڕۆ شەممە، ١٨ی نیسانی ٢٠٢٦ ڕایگەیاند، لیژنەیەکی باڵایان بە هەماهەنگی لەگەڵ تەندروستیی سلێمانی و داواکاری گشتی پێکهێناوە بۆ سزادانی سەرپێچیکاران. وەزارەت ئاشکرای کرد کە غەزال مەولان کاتێک ڕەوانەی نەخۆشخانەی کەرتی تایبەت کراوە، "هیچ ڕێکارێکی پزیشکی بۆ نەکراوە" و نەخۆشخانەکە ئامادە نەبووە وەری بگرێت.
گوشاری سیاسی و ئەرکی مرۆیی:
وەزارەتی تەندروستی لە پەیامێکی تونددا وتی: "ئەم جۆرە ڕەفتارانە جێگەی قبوڵکردن نین. دامەزراوە تەندروستییەکان دەبێت دوور لە هەر گوشار و نیازێکی سیاسی، تەنیا ئەرکی مرۆڤانەی خۆیان جێبەجێ بکەن بۆ پاراستنی گیانی هەر کەسێک."
مافی نەخۆش پارێزراوە:
وەزارەت جەختی کردەوە کە پاڵپشت بە یاسای مافی نەخۆش (ژمارە ٤ی ساڵی ٢٠٢٠)، ڕێکاری یاسایی توند بەرامبەر ئەو لایەنانە دەگرنەبەر کە کەمتەرخەم بوون، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە کەسوکاری شەهید غەزال ڕایانگەیاندبوو بەهۆی زۆری مانەوەی بە برینداری و وەرنەگرتنی لە نەخۆشخانە تایبەتەکان، کچەکەیان گیانی لەدەستداوە.