هەرێم نیوز
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، بۆ یەکەمین جار لەمساڵدا دوو حاڵەتی تووشبوون بە نەخۆشیی تای خوێنبەربوون لە شاری هەولێر دەستنیشان کراون و تووشبووەکان لەژێر چاودێریی پزیشکیدان.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 17ـی 6ـی 2026، وەزارەتی تەندروستی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، دوو تووشبووەکە باوک و کوڕێکی تەمەن 71 ساڵ و 29 ساڵن و دانیشتووی گەڕەکێکی شاری هەولێرن. بەپێی بەدواداچوونە پزیشکییەکان، هۆکاری تووشبوونیان دەگەڕێتەوە بۆ سەربڕینی ئاژەڵ لەناو ماڵدا لە دوو هەفتەی ڕابردوودا و بەرکەوتنیان بە ئاژەڵی تووشبوو و دەرهاویشتەکانی.
ئێستا هەردوو تووشبوو لە نەخۆشخانە خەوێندراون و چارەسەری پێویست وەردەگرن، کە باری تەندروستیی یەکێکیان تا ڕادەیەک جێگیرە و ئەوی دیکەیان ناجێگیرە.
وەزارەتی تەندروستی جەختی لەسەر جێبەجێکردنی ڕێنماییەکان کردەوە و داوای لە هاووڵاتییان کرد، لە کاتی بوونی هەر گومانێک لەسەر تەندروستیی ئاژەڵ، تیمەکانی ڤێترنەری ئاگادار بکەنەوە.
هەروەها داوای کرد هەر کەسێک بەرکەوتنی لەگەڵ ئاژەڵدا هەبووە و نیشانەی ناتەندروستیی دەرکەوتووە، بێ دواکەوتن سەردانی نەخۆشخانە بکات.
بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستی، لە سەرەتای ئەمساڵەوە چەندین حاڵەتی گومانلێکراو پشکنینیان بۆ کراوە، بەڵام تەنها ئەم دوو حاڵەتە لە هەرێمی کوردستان پشتڕاستکراونەتەوە، جگە لە دوو حاڵەتی دیکەی دەرەوەی هەرێم کە بۆ چارەسەر هاتوونەتە نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان.