دواین هەواڵ

کوردستان‌

 9 کاتژمێر پێش ئێستا

مەسرور بارزانی بەردی بناغەی پڕۆژەی 'مزگەوتی گەورەی بارزانی' لە هەولێر دادەنێت

هەرێم نیوز

ئەمڕۆ یەکشەممە ٢١ی حوزەیرانی ٢٠٢٦، پاشنیوەڕۆ، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێوڕەسمێکدا بەردی بناغەی پڕۆژەی ستراتیژی و مێژوویی "مزگەوتی گەورەی بارزانی" لە شاری هەولێری پایتەخت دادەنێت.

پڕۆژەیەک بە ناسنامەی کوردی و داهێنانی خۆماڵی
بیرۆکەی ئەم پڕۆژە ناوازەیە لە ساڵی ٢٠٢٣ لە لایەن خودی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێشکەش کراوە. پاشان لەسەر ڕاسپاردە و فەرمانی ڕاستەوخۆی بەڕێزیان، لە ڕێگەی د. پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئاینی، تیمی ئەندازیاریی "گراف" وەک تیمێکی نیشتمانی و خۆماڵی بە سەرپەرشتیی ئەندازیار ڕەشید فەتاح، ئەرکی کێشان و داڕشتنی دیزاینەکەیان پێسپێردرا.

ئامانجی سەرەکیی ئەم پڕۆژە کلتووری و ئاینییە، زیندووکردنەوەی تەلارسازیی ڕەسەنی کوردی، بەرجەستەکردنی سروشتی دڵڕفێنی کوردستان و یادکردنەوەی مێژووی ژیانی شکۆمەندانەی بارزانی نەمرە، کە قۆناغ بە قۆناغ لەژێر چاودێریی چڕی سەرۆک وەزیراندا گەیشتووەتە قۆناغی جێبەجێکردن.

شکاندنی پێوەرە جیهانییەکان لەسەر ڕووبەری دوو ملیۆن مەتر دووجا
ئەم پڕۆژەیە لەسەر ڕووبەری کتوپڕی زیاتر لە ٢ ملیۆن مەتر دووجا دیزاین کراوە و بە فەرمی چەندین ڕیکۆرد و پێوەری پێوانەیی جیهانی (گینس) دەشکێنێت. پڕۆژەکە لە چەندین بەشی گرنگ پێکهاتووە؛ لەوانە هۆڵی سەرەکیی نوێژکردن کە لەسەر گردێکی دەستکرد دروست دەکرێت و جێگەی ٩,٠٠٠ نوێژخوێن دەبێتەوە، هاوکاوت حەوشە و باخچەکانی دەرەوەی مزگەوتەکەش لە یەک کاتدا توانای لەخۆگرتنی زیاتر لە ٧٠٠,٠٠٠ نوێژخوێنیان هەیە.

لە ڕووی ئەندازیارییەوە، دیزاینی باڵەخانەی سەرەکیی مزگەوتەکە لەسەر شێوازی "ڕەشماڵی کوردی" و باڵەخانەکانی دیکەی ناو پڕۆژەکە لەسەر شێوازی "خێوەتی کوردی" داڕێژراون تاوەکو نەخش و نیگاری کوردەواری بە زیندوویی بهێڵنەوە. پڕۆژەکە گەورەترین گومبەت، بەرزترین دەرگا و گەورەترین مافووری
دەستکرد لەسەر ئاستی جیهان لەخۆ دەگرێت.

هەروەها منارەکانی پڕۆژەکە خاوەنی بەرزکەرەوە (ئەسانسۆر) دەبن کە ڕێگە بە سەردانیکەران دەدات تەواوی دیمەنی شاری هەولێر ببینن.

ژینگەسازی و گەورەترین تاڤگەی دەستکردی جیهان
بەشێکی یەکجار سەرنجڕاکێشی ئەم پڕۆژەیە بریتییە لە دروستکردنی باخچە و دارستانێکی ناوازە کە زیاتر لە ١ ملیۆن دار، درەخت و گوڵی جۆراوجۆر لەخۆ دەگرێت.
لە ناوەڕاستی ئەم ژینگەیەدا، گەورەترین تاڤگەی دەستکرد لەسەر ئاستی جیهان بە بەرزیی ٤٨ مەتر دروست دەکرێت، کە دیمەنێکی بێوێنە دەبەخشێت و دەرژێتە ناو دەریاچەیەکی دەستکردی گەورەوە لە ناو جەرگەی مزگەوتەکەدا.

ئەم کۆمەڵگە گەورەیە تەنیا مزگەوت نییە، بەڵکو ناوەندێکی زانستی و کلتووریش دەبێت؛ چونکە کتێبخانەیەکی گەورە بۆ ئەرشیڤکردنی نووسراوە کوردی و ئاینییەکان، هۆڵی کۆنفرانس، مۆزەخانەی تایبەت بە مێژوو و دەستنووسی کوردی، قوتابخانەی ئاینی، هۆڵی بۆنە ئاینی و کۆمەڵایەتییەکان، هۆڵی نانخواردنی گشتی (شێڵتەر)، بازاڕی شێوازی کوردی بۆ فرۆشتنی کەلوپەلی ئاینی، گەورەترین کاتژمێر، گەورەترین پارک و شوێنی تایبەت بە وەستانی هەزاران ئۆتۆمبێل لەخۆ دەگرێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP