دواین هەواڵ

جیهان‌

 11 کاتژمێر پێش ئێستا

بلۆمبێرگ وردەکاریی ڕێککەوتنی ١٤ خاڵیی نێوان ئەمریکا و ئێران بڵاودەکاتەوە

هەرێم نیوز

ئاژانسی هەواڵی "بلۆمبێرگ"ی ئەمریکی لە ڕاپۆرتێکی تایبەت و ناوازەدا، پەردەی لەسەر تەواوی ناوەڕۆک و بڕگەکانی ڕەشنووسی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان واشنتن و تاران لادا، کە بڕیارە ڕۆژی هەینی لە وڵاتی سویسرا بە فەرمی واژۆ بکرێت؛ ڕێککەوتنەکە لە ١٤ خاڵی سەرەکی پێکهاتووە و نەخشەی نوێی ئەمنی و ئابووریی ناوچەکە دەکێشێت.

ڕاگرتنی هەمیشەیی جەنگ و دەستپێکردنی قۆناغی دانوستانی ٦٠ ڕۆژی
بەپێی دەقی بڵاوکراوەی بلۆمبێرگ، خاڵە سەرەکییەکانی بەشی یەکەمی لێکتێگەیشتنەکە بەم شێوازەیە:

• خاڵی ١ و ٢: ئەمریکا و ئێران لەگەڵ تەواوی هاوپەیمانەکانیان، کۆتایی پێهاتنی دەستبەجێ و هەمیشەیی بە شەڕ لە سەرجەم بەرەکاندا (بە لوبنانیشەوە) ڕادەگەیەنن. بەڵێن دەدەن خۆیان لە هەر جۆرە هەڕەشە، بەکارهێنانی هێز و دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی یەکتر بەدوور بگرن و ڕێز لە سەروەریی خاکی یەکتر بگرن.
•خاڵی ٣: هەردوولا بەڵێن دەدەن لە ماوەی ٦٠ ڕۆژدا دانوستانی چڕ بکەن بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی، کە ئەم ماوەیە بە ڕەزامەندیی هەردوولاش شیاوی درێژکردنەوەیە.

چارەنووسی گەمارۆ دەریاییەکان و ئاسایشی کەشتیوانی
•خاڵی ٤ و ٥: لەگەڵ واژۆکردنی یاداشتەکە، ئەمریکا گەمارۆی دەریایی سەر ئێران هەڵدەگرێت و هاتوچۆی کەشتیوانی بۆ ئاستی پێش جەنگ دەگەڕێنێتەوە؛ واشنتن بەڵێن دەدات لە ماوەی ٣٠ ڕۆژ دوای ڕێککەوتنی کۆتایی هێزەکانی لە ناوچەکە بکشێنێتەوە. لە بەرامبەردا، ئێران دەستبەجێ مینەکان لادەبات و ئاستەنگە تەکنیکییەکان چاک دەکات بۆ زامنکردنی گەڕانەوەی هاتوچۆی بازرگانیی دەریایی لە نێوان کەنداوی عەرەبی و کەنداوی عومان لە ماوەی ٣٠ ڕۆژدا.

قەرەبووی ٣٠٠ ملیار دۆلاری و لادانی سزاکانی سەر تاران
• خاڵی ٦ و ٧: ئەمریکا بە هاوکاریی هاوبەشە ناوچەییەکانی، پلانێکی گشتگیر بۆ چاکسازی و گەشەپێدانی ئابووریی ئێران بە گەرەنتیی دارایی لانیکەم ٣٠٠ ملیار دۆلار دادەڕێژێت. هاوکاوت، ئەمریکا پابەند دەبێت بە کۆتاییهێنان بە هەموو جۆرە سزایەکی سەر ئێران (سزای سەرەتایی، لاوەکی و بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایش و ئاژانسی ئەتۆمی) بەپێی خشتەیەکی کاتی.

•خاڵی ١٠ و ١١: وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دەستبەجێ لێخۆشبوون بۆ هەناردەکردنی نەوتی خاو و پترۆکیمیایی ئێران و خزمەتگوزارییە بانکی و بیمەییەکان دەردەکات. هەروەها واشنتن بەپێی پێشکەوتنی دانوستانەکان، تەواوی پارە و سەروەتە بلۆککراوەکانی ئێران ئازاد دەکات و دەیخاتە ژێر دەستی بانکی ناوەندیی ئێرانەوە.

بەرنامەی ئەتۆمی و پاراستنی دۆخی ئێستا (ستاتۆ)

• خاڵی ٨ و ٩: ئێران دووپاتی دەکاتەوە کە هەرگیز چەکی ئەتۆمی بەرهەم ناهێنێت؛ دۆسیەی ماددە پیتێنراوەکان لە ڕێککەوتنی کۆتاییدا یەکلادەکرێتەوە. تا ئەو کاتەش دۆخی ئێستا (ستاتۆ) دەپارێزرێت؛ واتە ئێران بەرنامەکەی فراوان ناکات و ئەمریکاش سزای نوێ ناسەپێنێت و هێز لە ناوچەکە زیاد ناکات.

• خاڵی ١٢، ١٣ و ١٤: هەردوولا میکانیزمێکی جێبەجێکردن بۆ سەرپەرشتیکردنی پرۆسەکە دادەنێن، و دوای دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی بڕگەکانی پێدانی نەوت و ئازادکردنی پارەکان، دەچنە ناو دانوستانی کۆتایی کە دواجار بە بڕیارێکی پابەندکەری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان پاڵپشتی دەکرێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP