دواین هەواڵ

جیهان‌

 10 کاتژمێر پێش ئێستا

توندڕەوەکانی ئێران دژی ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا ڕژانە سەر شەقامەکانی تاران و مەشهەد

هەرێم نیوز

شەقامی ئێرانی لەسەر ئاستی ناوخۆیی تووشی دابەشبوونێکی قووڵ بووە؛ چالاکوانان و لایەنگرانی بزووتنەوەی کۆنەپەرستان و توندڕەوەکانی ئێران لە تاران و مەشهەد ڕژانە سەر شەقامەکان و بە توندی دانوستانە بەردەوامەکانی نێوان تاران و واشنتنیان ڕەتکردەوە، هاوکات هێرش و ڕەخنەی توند ئاراستەی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوە و تیمی دانوستانکاری وڵاتەکەیان دەکەن.

دروشمی دژ بە واشنتن و داوای گۆڕینی تیمی دانوستانکار
میدیاکانی ئێرانی نزیک لە باڵی توندڕەو بڵاویانکردەوە، کە خۆپیشاندەران دروشمی توندیان دژی لێکتێگەیشتنە پێشنیازکراوەکان لەگەڵ واشنتن بەرزکردووەتەوە. بە بڕوای ئەوان، هەندێک لە بڕگەکانی ئەم ڕێککەوتنە نوێیە بە تەواوی پێچەوانەی ڕێنماییەکانی سەرکردایەتیی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەڵوێستە ڕاگەیەندراوەکانی پێشووی تارانە سەبارەت بە مەلەفی ئەتۆمی.

بەشداربووانی گردبوونەوەکان هۆشداریی توند دەدەن لە دووبارەبوونەوەی ئەزموونی شکستی ڕێککەوتی ئەتۆمیی پێشوو (JCPOA)؛ ئەوان داوا دەکەن حکومەت ڕوونکردنەوەی ڕاستەوخۆ لەسەر ڕەوتی نهێنیی دانوستانەکان بدات، یان پێداچوونەوەی دەستبەجێ بە پێکهاتەی تیمی دانوستانکاردا بکرێت. لە شاری مەشهەدیش، ناڕەزایەتییەکان گەیشتنە بەردەم باڵەخانەی سەر بە وەزارەتی دەرەوە و خۆپیشاندەران ڕەخنەی توندیان لە عەباس عێراقچی و محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان گرت و ڕایانگەیاند کە ئەوان دژی هەر جۆرە سازش و یەکلاکردنەوەیەکن لەگەڵ ئەمریکادا.

مەترسییەکانی ڕێککەوتنەکە لە زمانی پەرلەمانتارێکی باڵاوە
ئەم ناڕەزایەتییە شەقامەی توندڕەوەکان هاوکاتە لەگەڵ لێدوانە فەرمییەکانی مەحموود نەباویان، جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوە لە پەرلەمانی ئێران. نەباویان بە ئاشکرا هۆشداریدا و ڕایگەیاند: "پڕۆژەی پێشنیارکراوی ڕێککەوتنەکە ڕۆڵێکی سەرەکی و باڵادەست دەداتە واشنتن لە دیاریکردنی داهاتووی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران." ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا، ئەو بڕگانەی پەیوەستن بە کۆکردنەوە و ڕادەستکردنی یۆرانیۆمی پیتێنراو، ئیمتیازاتی یەکجار گەورەن کە تیمی عێراقچی پێشکەشی ئەمریکای دەکەن.

سەرەڕای ئەم گرژییە ناوخۆییانە، وەزارەتی دەرەوەی ئێران تا ئێستا هیچ لێدوانێکی فەرمی لەسەر ئەم خۆپیشاندانانە بڵاونەکردووەتەوە، لە کاتێکدا دانوستانە دیپلۆماسییەکانی نێوان تاران و واشنتن بە چڕی بەردەوامن و هەردوولاش لە لێدوانەکانیاندا ئاماژە بە نزیکبوونەوەی وادەی واژۆکردنی ڕێککەوتنی کۆتایی دەکەن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP