دواین هەواڵ

کوردستان‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

پارتی: لیژنەیەکی مەکتەبی سیاسی بۆ کۆتاییهێنان بە چەقبەستوویی سیاسی پێکهێنراوە

هەرێم نیوز

کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرپەرشتیی  بارزانی کۆبووەوە و لە ڕاگەیەندراوێکدا جەختی لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکان لە سێبەری دەستووری عێراق و پشتیوانیکردنی هەنگاوەکانی حکوومەتی فیدراڵ و هەرێم بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان کردەوە.

ئەمڕۆ شەممە، 13ـی 6ـی 2026، کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبوونەوەیەکی فراوانی ئەنجام دا.

 لە تەوەری یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، باس لە دەرهاویشتەکانی شەڕی نێوان ئەمەریکا و ئێران کرا و ئاماژە بەوە درا کە سەرەڕای ئەوەی هەرێمی کوردستان بەشێک نەبووە لەو شەڕە، بەڵام زیانی زۆری بەرکەوتووە و هێرشە درۆنی و مووشەکییەکان بۆ سەر ناوچەکانی هەرێم و دامەزراوە نەوتییەکان بەردەوامە، کە ئەمەش بووەتە هۆی دڵەڕاوکێی خەڵک و سستبوونی جووڵەی بازرگانی.

لە تەوەری دووەمدا، کۆبوونەوەکە جەختی لە پەیوەندییەکان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ کردەوە و پشتگیریی خۆی بۆ کابینەکەی عەلی زەیدی دەربڕی. پارتی داوای کرد شایستە داراییەکان و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە کاتی خۆیدا ڕەوانە بکرێت و دەستوور وەک خۆی جێبەجێ بکرێت. هەروەها پشتیوانیی خۆی بۆ هەنگاوەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی ڕاگەیاند.

لە تەوەری سێیەمدا، دەستپێشخەرییەکەی بارزانی بۆ کێشە سیاسییەکان بەرز نرخێندرا و ئاشکرا کرا کە لیژنەیەکی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسی دەستیان بە پەیوەندیکردن لەگەڵ لایەنەکان کردووە بۆ ڕزگارکردنی پڕۆسەی سیاسی لەو چەقبەستووییەی تێیکەوتووە.

کۆبوونەوەکە لە تەوەری چوارەمدا، پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ هەنگاوەکانی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکوەزیرانی هەرێم بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ بەغدا دەربڕی. لە تەوەری کۆتاییشدا، باس لە کاروباری ناوخۆیی و ڕێکخستنەکانی پارتی کرا و جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کە ئەو پێشنیار و ڕاسپاردانەی لیژنەی تایبەت ئامادەی کردووە، دەبنە نەخشەڕێگای هەنگاوەکانی داهاتووی پارتی.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP