هەرێم نیوز
بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆ لەپێناو پاراستنی سەلامەتیی گیانی هاووڵاتییان و گەشتیاران، بڕیارێکی نوێی دەرکرد؛ بەپێی بڕیارەکە بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بەو شۆفێرانە نادرێت کە لە ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە دێنە ناو هەرێمی کوردستان، سووتەمەنیی زیادە (بەنزین) بە دەبە لەناو سندووق یان سەر سەقفی ئۆتۆمبێلەکانیاندا بهێننە ناو شارەکانەوە.
هاتووچۆ ڕایگەیاند، پاش ئەوەی لەلایەن مەفرەزەکانیانەوە تێبینی کراوە کە ژمارەیەکی زۆر لەو شۆفێرانەی لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە ڕوودەکەنە هەرێمی کوردستان، بڕێکی زۆر سووتەمەنی بەنزین بە دەبە لەگەڵ خۆیان دەهێنن و لەسەر سەقف و ناو سندووقی ئۆتۆمبێلەکانیاندا دایان دەنێن بۆ ئەوەی پاش تەواوبوونی بەنزینی تانکی ئۆتۆمبێلەکانیان بەکاری بهێننەوە، بەدواداچوونی وردی بۆ کراوە.
لە ئەنجامی بەدواداچوونی مەفرەزەکانی هاتووچۆدا دەرکەوتووە، کە ئەم ڕەفتارە مەترسییەکی یەکجار گەورە لەسەر ژیانی گەشتیاران، شۆفێران و هاووڵاتییان دروست دەکات؛ چونکە لە ئەگەری ڕوودانی هەر ڕووداوێکی هاتووچۆدا، بوونی ئەو دەبە بەنزینانە قەبارەی ڕووداوەکە و تەقینەوەکە زۆر گەورەتر دەکات و کارەساتی مرۆیی ناخهەژێن و نەخوازراوی لێ دەکەوێتەوە.
بۆ ئەم مەبەستە و لە پێناو پاراستنی ئاسایشی ڕێگاوبانەکان، هاتووچۆ بڕیاریدا لێپرسینەوەی توند لەگەڵ ئەو شۆفێرانەدا بکات کە سووتەمەنیی زیادەیان پێیە، بەم شێوازەی خوارەوە:
•هەر شۆفێرێک سووتەمەنیی زیادەی پێبێت، لە وێستگەیەکی دیاریکراوی سووتەمەنی لە بازگەکاندا بەنزینەکەی لێ وەردەگیرێت بەرامبەر وەرگرتنی سووتەمەنییەکە، پسوڵەیەکی فەرمیی پێ دەدرێت.
•لە کاتی گەڕانەوەی گەشتیارەکە بۆ ناوچەکانی خۆی، بەپێی پسوڵەکە تەواوی سووتەمەنییەکەی پێ دەدرێتەوە بە هیچ شێوەیەک ڕێگا بە هیچ ئۆتۆمبێلێک نادرێت بەو سووتەمەنییە قاچاخ و مەترسیدارەوە بچێتە ناو سەنتەری شارەکانی هەرێمی کوردستانەوە.