دواین هەواڵ

کوردستان‌

 6 کاتژمێر پێش ئێستا

ئایدن مەعروف: کار بۆ گەڕاندنەوەی 11 کورسییەکەی پێکهاتەکان دەکەین

هەرێم نیوز

ئایدن مەعروف، وەزیری کاروباری پێکهاتەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، بە چڕی کار بۆ گەڕاندنەوەی 11 کورسییەکەی کۆتای پێکهاتەکان بۆ پەرلەمانی کوردستان دەکەن و لەو پێناوەشدا بە فەرمی داوایان لە ئەنجومەنی شورا کردووە بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسە ڕۆڵی خۆی ببینێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 11ـی 6ـی 2026، ئایدن مەعروف لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بە درێژایی ماوەی ڕابردوو کاریان لەسەر پرسی کورسیی کۆتاکان لە پەرلەمانی کوردستان کردووە و لە ئێستاشدا بە شێوەیەکی فەرمی داوایان لە ئەنجومەنی شورا لە هەرێمی کوردستان کردووە کە ڕۆڵی لە گەڕاندنەوەی ئەو 11 کورسییەدا هەبێت.

 وەزیری کاروباری پێکهاتەکان ئاماژەی بەوەش کردووە، بوونی نوێنەرایەتی مافێکی سروشتیی پێکهاتەکانە، بەتایبەت کە لە هەرێمی کوردستان پێکەوەژیانێکی گونجاو هەیە و حکوومەتی هەرێم بەبێ جیاوازی پاڵپشتی سەرجەم نەتەوە و پێکهاتە جیاوازەکانی کردووە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئایدن مەعروف ئەوەی خستە ڕوو کە زۆر گرنگە پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستاندا ڕۆڵێکی گەورەتریان پێ بدرێت. هاوکات بڕیارەکەی پێشووی دەسەڵاتی فیدراڵی بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی کورسییەکان لە 11 کورسییەوە بۆ 5 کورسی، بە نادادپەروەری بەرامبەر بە نەتەوەکان و کۆتاکان لە هەرێمی کوردستان وەسف کرد و جەختی لەوە کردەوە کە لە ئایندەدا بە چڕی کار لەسەر ئەو پرسە دەکەن، بۆ ئەو مەبەستەش داوای کرد ئەنجومەنی شورا و ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان هاوکار بن.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، وەزیری کاروباری پێکهاتەکان داواکارییەکی ئاراستەی حکوومەتی فیدراڵیی عێراق کرد و ڕایگەیاند، پێویستە نوێنەری پێکهاتەکان لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دیاری بکرێت.

 هەروەها هاوشێوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، داوای کرد کە وەزارەتێکی تایبەت بۆ کاروباری پێکهاتەکان لەناو کابینەی حکوومەتی عێراقدا پێکبهێنرێت، ئەمەش بە مەبەستی پاراستن و نوێنەرایەتیکردنی مافەکانیان لەسەر ئاستی فیدراڵی.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP