هەرێم نیوز
عومەر چەلیک، وتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) ڕایدەگەیەنێت، تۆمەتبارکردنی تورکیا بە ئەنجامدانی جینۆساید دژی کورد لەلایەن بنیامین ناتانیاهۆوە، پڕوپاگەندەیەکی ڕەشە کە ناتانیاهۆ زۆرجار پەنای بۆ دەبات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 11ـی 6ـی 2026، وتەبێژی ئاکەپە لە لێدوانێکدا وەڵامی قسەکانی ناتانیاهۆی دایەوە کە تیایدا ئەردۆغانی بە دیکتاتۆر ناوبردبوو و تورکیای بە جینۆساید تۆمەتبار کردبوو.
چەلیک ئاماژەی بەوە کرد، ناتانیاهۆ هەوڵیداوە لە کاتی هێرشکردنە سەر ئێران، برا کوردەکانمان لە عێراق و ئێران وەک بەکرێگیراو بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکاربهێنێت، بەڵام کوردەکان بە ژیرانە لە دیوی ڕاستی مێژوودا وەستان و نەچوونە پاڵ ئەو تۆڕە تاوانکارەی کۆمەڵکوژی.
وتەبێژی ئاکەپە ئەوەشی خستەڕوو، ناتانیاهۆ بەردەوام هەوڵ دەدات سیاسەتی بەکارهێنانی کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکان، لەوانە هەندێک لە برا عەرەب و دروز و عەلەوی و شیعەکانمان بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکاربهێنێت.
چەلیک جەختی لەوەش کردەوە کە هیچ کەسێک لەسەر زەوی باوەڕی بەوە نییە سوپای ئیسرائیل سوپایەکی ئەخلاقی بێت، لە کاتێکدا کۆمەڵکوژی لە غەززە ئەنجام دەدات.
چەلیک دووپاتی کردەوە کە ئێستا کەس باوەڕ بە درۆکانی ئەو تۆڕەی تاوانباران ناکات و هەرکاتێک ناوی جینۆساید دەهێنرێت، یەکەم شت کە دێتە بەرچاو، کردارەکانی تۆڕەکەی ناتانیاهۆیە.