هەرێم نیوز
وتەبێژی حكوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، کە ڕۆژی چوارشەممەی داهاتوو ئەنجومەنی وەزیران کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام دەدات و تێیدا چەندین دۆسیەی هەستیاری نێوان هەولێر و بەغدا، بە تایبەتی پرسی هەناردەکردنەوەی نەوت و سیستمی نوێی گومرگی دەخاتە بەرباس.
ئەمڕۆ دووشەممە (٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٦)، پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حكوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا ناوەڕۆکی کارنامەی کۆبوونەوەکەی ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند: "ڕۆژی چوارشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حكوومەت کۆدەبێتەوە."
وتەبێژی حكوومەت ئاماژەی بەوە کرد، کە تەوەرەی سەرەکیی کۆبوونەوەکە تەرخان دەکرێت بۆ تاوتوێکردنی دۆسیە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حكوومەتی فیدراڵ؛ بە تایبەتی دواین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی تایبەت بە پرسی نەوت، شایستە داراییەکانی کۆمپانیا نەوتییەکان و لێکگەیشتنە نوێیەکانی نێوان هەردوو حكوومەت لەم بوارەدا.
پێشەوا هەورامانی باسی لەوەش کرد، کە لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆ لەسەر پرسی داهاتە نانەوتییەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و چۆنیەتیی ڕێکخستنەوەیان دەکات.
هاوكات تەوەرێکی گرنگی دیکەی کۆبوونەوەکە بریتی دەبێت لە پێداچوونەوە بە قۆناغەکانی جێبەجێکردنی سیستمی ئەلیکترۆنیی گومرگیی جیهانی ناسراو بە (ئەسیکۆدا - ASYCUDA) لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستاندا، کە ئامانجی حكوومەتە بۆ شەفافیەت، خێراکردنی پڕۆسە بازرگانییەکان.