هەرێم نیوز
موحسین ڕەزایی، فەرماندەی سوپای پاسداران، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ تۆڕی "روسیا ئەلیەوم" ڕایگەیاند، گەشبین نییە بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا چونکە دۆناڵد ترەمپ بە "پیاوی دانوستان" نابینێت، و جەختیشی کردەوە کە تاران لە ئاست پیتاندنی یۆرانیۆمدا پاشگەز نابێتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، ٨ـی حوزەیرانی ٢٠٢٦، موحسین ڕەزایی ئاماژەی بەوە کرد، ئەو لێدوانانەی ترەمپ کە دەڵێت لایەنەکان زۆر لە ڕێککەوتن نزیکن، بە بڕوای ئێران "بەس نین" و پێویستە هەنگاوی کردەیی بنرێت. ناوبراو جەختی کردەوە کە ئێران لە بابەتی ئازادکردنی داراییە بلۆککراوەکانی خۆی جیددییە و تەنیا قسە بەس نابێت.
سەبارەت بە دۆخی لوبنان، ڕەزایی ڕایگەیاند، ئاگربرست دەبێت لە سەرانسەری خاکی لوبناندا جێبەجێ بکرێت، نەک تەنیا لە ناوچەیەکی دیاریکراو؛ هەروەها وتی: "ئێستا لە کەنداو ڕووبەڕووی جۆرێک لە ئاگربرستی گەرم بووینەتەوە."
فەرماندەکەی سوپای پاسداران لە کۆتایی لێدوانەکەیدا هۆشدارییەکی توندی دا و ڕایگەیاند: "ئەگەر دانوستانەکان بێ ئەنجام بن، ئێمە گەمارۆی دەریایی قبوڵ ناکەین،" هاوکات ئاماژەی بەوەش کرد کە کێشەکانی نێوان ئێران و وڵاتانی ناوچەکە کێشەی چارەسەرکراون و دەکرێت لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە ئاسایی بکرێنەوە.