دواین هەواڵ

جیهان‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

ترەمپ دەچێتە تورکیا

هەرێم نیوز

وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایدەگەیەنێت کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە فەرمی بەنیازی بەشداریکردنە لە لوتکەی داهاتووی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ)، کە بڕیارە مانگی داهاتوو لە ناو خاکی تورکیادا بەڕێوەبچێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە (٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٦)، هاکان فیدان لە میانی چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ ئاژانسی "بلومبێرگ" لە سەنگافورە ئاشکرای کرد، دۆناڵد ترەمپ ئارەزوویەکی زۆری نیشانداوە بۆ ئامادەبوون لە لوتکەی داهاتووی سەرکردەکانی ناتۆ، کە بڕیارە لە ڕۆژانی ٧ و ٨ی تەممووزی ٢٠٢٦ لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا سازبکرێت.

وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوەش کرد، ترەمپ لە میانی چەند پێوەندییەکی تەلەفۆنیی ئەم دواییەیدا لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆک کۆماری تورکیا، پلانەکانی خۆی بۆ ئەنجامدانی ئەم سەردانە فەرمییە و کۆبوونەوەی لەگەڵ هاوپەیمانەکانیدا پشتڕاستکردووەتەوە.

فیدان جەختی کردەوە کە ئیدارەی ئەمریکا لە ئێستادا فشارێکی قورس لەسەر هاوپەیمانەکانی لە ناتۆ دروستدەکات بۆ زیادکردنی خەرجییە بەرگری و سەربازییەکانیان و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتیی گەورەتر لە پاراستنی ئاسایشی ئەوروپادا.

ئەمەش یەکێک دەبێت لە تەوەرە هەرە گەرمەکانی گفتوگۆی نێوان سەرکردەکان لە لوتکەی چاوەڕوانکراوی ئەنقەرەدا، بە تایبەت کە ترەمپ پێشتر چەندین جار بە توندی ڕەخنەی لە وڵاتانی ئەوروپا گرتووە بەهۆی پشتبەستنیان بە بودجەی سەربازیی ئەمریکا.

له ته‌وه‌رێکی دیکەدا، وەزیری دەرەوەی تورکیا باسی لە دۆسیەی دانوستانە بەردەوامەکانی نێوان واشنتن و تاران کرد و ڕایگەیاند کە ئەنقەرە بە تەواوی پاڵپشتی لە هەموو هەنگاو و هەوڵە دیپلۆماسییەکانی نێوان هەردوو وڵات دەکات بۆ کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان.

فیدان وتیشی: "هەردوو لایەنی ئەمریکی و ئێرانی لە ئێستادا هەوڵی جیددی دەدەن بۆ درێژکردنەوەی ماوەی ئاگربەستەکە و دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ کێشە هەڵپەسێردراوەکان، تورکیاش پێیوایە دیالۆگی ڕاستەوخۆ تەنها ڕێگەیە بۆ گەڕاندنەوەی سەقامگیریی هەمیشەیی بۆ تەواوی ناوچەکە."

ئەم لوتکەیەی مانگی داهاتوو بە وەرچەرخانێکی مێژوویی بۆ دیپلۆماسیی تورکیا دادەنرێت، چونکە ئەمە یەکەمجارە دوای چەندین ساڵی درێژ ئەنقەرە میوانداریی کۆبوونەوەی لوتکەی سەرکردەکانی هاوپەیمانیی ناتۆ بکات.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP