دواین هەواڵ

جیهان‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەمریکا: چەندین مووشەک و درۆنی ئێرانمان تێکشکاند و هێرشمان کردە سەر دوورگەی قشم

هەرێم نیوز

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) بە فەرمی ڕایگەیاند، کە هێزەکانیان بەرپەرچی هێرشێکی بەربڵاوی مووشەکی و درۆنیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان داوەتەوە و وەک وەڵامدانەوەیەکیش، ناوچەیەکی ستراتیژیی قووڵایی خاکی ئێرانیان بۆردومان کردووە.

ئەمڕۆ چوارشەممە (٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٦)، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا ئاشکرای کرد: "هێزەکانمان لە چەند کاتژمێری ڕابردوودا، وەک وەڵامدانەوەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ ئەو هێرشانەی تاران ئەنجامی دابوون، ئۆپراسیۆنێکی ئاسمانییان جێبەجێ کردووە و هێرشیان کردووەتە سەر چەند ئامانجێکی سەربازی لە ناو دوورگەی قشمی سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێران."

سێنتکۆم ڕوونی کردووەتەوە کە هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە ڕووبەڕووی چەندین مووشەکی بالیستی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) بوونەتەوە کە لە ناو خاکی ئێرانەوە تەقێندراون، بەڵام سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی سەرکەوتووبوون لە پووچەڵکردنەوەیان و سەرجەم هێرشەکانی تاران شکستیان هێناوە.

بەپێی بەیاننامەکەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا، سوپای ئێران چەندین مووشەکی بالیستیی بە ئاڕاستەی چەند وڵاتێکی دراوسێ تەقاندووە. لەو چوارچێوەیەدا، دوو مووچەکی ئێرانی بە ئاڕاستەی خاکی کوێت تەقێندراون، کە بەر لەوەی بگەنە ئامانجەکانیان، لە ئاسماندا ڕاوکراون و تێکشکێندراون.

هاوكات سێنتکۆم تیشکی خستووەتە سەر هاوکارییە سەربازییەکانی لەگەڵ وڵاتانی کەنداو و ڕایگەیاندووە: "هێزەکانمان بە هەماهەنگی و هاوکاریی ڕاستەوخۆ لەگەڵ هێزەکانی بەحرەین، توانیویانە سێ مووشەکی بالیستیی دیکە لە ئاسماندا تێکبشکێنن، کە ئامانجیان لێدانی ناوچە ستراتیژییەکانی ناو خاکی بەحرەین بووە."



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP