دواین هەواڵ

جیهان‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

ئێران کات و شوێنی بەخاکسپاردنی عەلی خامنەیی بە فەرمی ڕادەگەیەنێت

هەرێم نیوز

دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ یەکەمجار بە فەرمی وردەکاریی سەرەتاییان سەبارەت بە مەراسیمی بەڕێکردن و بەخاکسپاردنی عەلی خامنەیی، ڕێبەری پێشووی وڵاتەکە ڕاگەیاند؛ ئەمەش دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە سێ مانگ بەسەر کوژرانی لە هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیلدا کە بارەگاکەی لە ناوەڕاستی تاران لە ٢٨ی شوباتی ئەمساڵدا کردبووە ئامانج.

دیاریکردنی کات و قۆناغەکانی مەراسیمەکە
ئەمڕۆ چوارشەممە (٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٦)، محەممەد ئەمین تەبەکولی زادە، جێگری سەرۆکی شارەوانیی تاران بۆ کاروباری کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری ڕایگەیاند، مەراسیمی تەرم بەڕێکردنەکە "بە ئەگەرێکی زۆرەوە" لە ڕۆژانی کۆتایی مانگی زیلحەجە و سەرەتای مانگی موحەڕەمدا، هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی مەراسیمەکانی عاشورا لە وڵاتدا بەڕێوەدەچێت، کە دەکاتە نزیکەی دوو هەفتەی دیکە. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئامادەکارییەکان سێ قۆناغی سەرەکی لە تاران، قوم و مەشهەد لەخۆدەگرن.
تەبەکولی زادە لە میانی کۆبوونەوەی لیژنەی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتیی شارە گەورەکانی ئێراندا وتی: "سوپای پاسداران سەرپەرشتیی ڕێکخستنی گشتیی مەراسیمەکە دەکات و دەسەڵاتداران سێ ڕۆژیان بۆ ئەوەی ناویان ناوە 'ماڵئاوایی میللی' تەرخانکردووە، دواتریش نوێژی مردوو و مەراسیمی فەرمیی تەرمبەڕێکردن بەڕێوەدەچێت." کە کەمتر لە ٢٤ کاتژمێر لە پایتەخت دەخایەنێت، بەڵام شوێنی فەرمیی نوێژەکە لە نێوان "موسەڵای تاران" و "مەزارگەی خومەینی"دا هێشتا یەکلایی نەکراوەتەوە.

بەخاکسپاردن لە مەشهەد لەسەر وەسێتی خۆی
ئەو بەرپرسەی شارەوانی جەختی کردەوە کە سازکردنی مەراسیمی تەرمبەڕێکردن لە تاران، قوم و مەشهەد بووەتە بڕیارێکی یەکلاکەرەوە، لە کاتێکدا پارێزگاکانی دیکەش داوای هاوشێوەیان هەبووە. بەڵام بەگوێرەی وەسێتی خودی خامنەیی و ڕاسپاردەی خێزانەکەی، پرۆسەی بەخاکسپاردنی کۆتایی لە مەزارگەی "ئیمام ڕەزا" لە شاری مەشهەد لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئێران ئەنجامدەدرێت، کە گرنگترین ناوەندی ئایینیی شیعەکانە لەو وڵاتەدا.

ئامادەکاری بۆ پێشوازیکردن لە ٢٠ ملیۆن کەس
بەپێی خەمڵاندنە فەرمییەکانی دەسەڵاتدارانی تاران، پێشبینی دەکرێت لە ماوەی بەڕێوەچوونی مەراسیمەکەدا لە نێوان ١٥ بۆ ٢٠ ملیۆن کەس لە جەماوەر و لایەنگرانی کۆماری ئیسلامی بڕژێنە سەر شەقامەکانی پایتەخت، بۆیە هەماهەنگی لەگەڵ شارەکانی دەوروبەری تاران کراوە بۆ جێگیرکردنی ئەو جەماوەرە.

هاوکات، چاوەڕوان دەکرێت مەراسیمەکە شاند و کەسایەتیی سیاسی و ئایینیی چەندین وڵات ڕابکێشێت، بە تایبەتی لە وڵاتانی دراوسێی ئێران و باشووری ئاسیا، هەرچەندە تا ئێستا تاران لیستی فەرمیی میوانە بانگهێشتکراوەکانی دەرەوەی ئاشکرا نەکردووە.

جێی وەبیرهێنانەوەیە، عەلی خامنەیی لە ٢٨ی شوباتی ڕابردوودا لە میانی یەکەمین شەپۆلی هێرشە ئاسمانییە هاوبەشەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئامانجەکانی ناوخۆی ئێران، لەگەڵ هەڵگیرسانی جەنگی ڕاستەوخۆی نێوان هەردوولا، لە تەمەنی ٨٥ ساڵیدا کوژرا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP