هەرێم نیوز
دوای زنجیرەیەک پەرەسەندنی سیاسی و ئەمنی لە عێراق، بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق کە قەیس خەزعەلی سەرۆکایەتی دەکات، هەڵوێستی فەرمیی خۆی و باڵە سیاسییەکەی لەبارەی پرسی چەک و حوکمڕانی ڕاگەیاند و پشتگیریی خۆی بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک لە لایەن دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەتەوە دووپات کردەوە.
سەروەریی دەوڵەت و ڕەتکردنەوەی چەکی دەرەوەی یاسا
خالید ساعدی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی کوتلەی پەرلەمانیی "سادقون" (باڵی سیاسیی عەسائیب)، ئەمڕۆ چوارشەممە (٢٧ی ئایاری ٢٠٢٦) لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند: "بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق و کوتلەی پەرلەمانیی سادقون، باوەڕی تەواویان بە سەروەری و دەسەڵاتی یاسایی دەوڵەت هەیە. دەبێت تەنها دەوڵەت ئەو قەوارە شەرعییە بێت کە چەک کۆنترۆڵ دەکات، و بوونی هەر چەکێک لە دەرەوەی چوارچێوەی دامەزراوە فەرمییەکان بە تەواوی ڕەت دەکەینەوە."
ساعدی ئاشکرای کرد کە عەسائیب لەم پەیامەیدا ئەو دەستپێشخەرییە کۆنە نوێ دەکاتەوە کە پێشتر لە لایەن قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەکەوە پێشکەش کرابوو. ناوبراو ئاماژەی بەوە دا کە ئەمە بانگەوازێکی نیشتمانییە بۆ ئەوەی هیچ جۆرە بیانوویەک نەدرێتە دەست لایەنە دەرەکییەکان، بەتایبەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، تاوەکو بە ناوی بوونی چەکی دەرەوەی دەوڵەتەوە، هێرش نەکەنە سەر سەروەریی خاکی عێراق.
مەرجی عەسائیب و پێگەی حەشدی شەعبی
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، ئەو بەرپرسەی مەکتەبی سیاسیی سادقون مەرجێکی بۆ جێبەجێکردنی ئەم پڕۆسەیە خستەڕوو و ڕوونی کردەوە: "بزووتنەوەی عەسائیب پشتگیری لە سنووردارکردنی چەک بۆ دەوڵەت دەکات، بەڵام بەو مەرجەی دەوڵەت و حکومەتی فیدراڵ خۆیان توانای تەواویان هەبێت بۆ پاراستنی ئاسایشی عێراق لەسەر زەوی، ئاسمان و دەریا لە بەرامبەر هەر مەترسی و دەستوەردانێکی دەرەکی."
هاوكات تیشکی خستە سەر پێگەی ئێستای گروپەکانی بەرگریی ئیسلامی و گوتی: "ئەو گرووپانە لە ئێستادا لە چوارچێوەی هێزەکانی حەشدی شەعبیدا بەشدارن و کار دەکەن، کە حەشد خۆی نوێنەرایەتیی ئۆرگانێکی فەرمی و حکومیی سەر بە دەوڵەتی عێراق دەکات و ئەرکی پاڵپشتی و بەرگری لە خاکەکەمانە."
پاشخانی پەرەسەندنەکان: پەیامەکەی سەدر گۆڕەپانەکە دەهەژێنێت
ئەم لێدوانە گرنگانەی سەرکردایەتیی عەسائیبی ئەهلی حەق لە کاتێکدایە کە ململانێ و مشتومڕی سیاسی لەسەر پرسی چەک و حوکمڕانی لە عێراقدا گەیشتووەتە لوتکە.
ئەم پەرەسەندنەش ڕاستەوخۆ دوای ئەوە دێت کە هەر ئەمڕۆ موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە ڕایگەیاند کە هێزەکانی "سەرایا سەلام" لە ڕەوتەکەی جیا دەبنەوە و بە تەواوی دەچنە ژێر چەتری هێزە چەکدارە فەرمییەکانی دەوڵەت، و داواشی لە باقی گرووپە چەکدارەکانی دیکە کردبوو کە چاو لەو هەنگاوە بکەن و کۆتایی بە چەکداریی حزبی و تائیفی بهێنن.