هەرێم نیوز
سەرۆکوەزیرانی عێراق پێوەندییەکی تەلەفۆنی لە سەرۆککۆماری ئێرانەوە پێگەیشت و تێیدا پەرەپێدانی پێوەندییە دووقۆڵییەکان، دۆخی ناوچەکە و گرنگیی گرتنەبەری زمانی گفتوگۆ بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان تاوتوێ کران.
ئەمڕۆ سێشەممە، 26ـی 5ـی 2026، نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، پێوەندییەکی تەلەفۆنی لە مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێرانەوە پێگەیشتووە.
لە سەرەتای پێوەندییەکەدا، هەردوولا پیرۆزبایی پێشوەختیان بە بۆنەی نزیکبوونەوەی جەژنی قوربان گۆڕییەوە و هیوای خێر، خۆشی و سەقامگیرییان بۆ گەلانی عێراق، ئێران و تەواوی جیهانی ئیسلامی خواست.
لە بەشێکی دیکەی پێوەندییەکەدا، باسیان لە پێوەندییە دووقۆڵییەکان و گرنگیی بەهێزکردنی هاوکارییەکانی نێوان هەردوو وڵات کرد، بە جۆرێک کە بەرژەوەندیی هاوبەشی گەلانی دراوسێ دابین بکات.
هاوكات هەردوولا بارودۆخی گشتیی ناوچەکەیان خستە بەرباس و جەختیان لەسەر پێویستیی بەردەوامبوونی هەماهەنگی و هاوکاریی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی کردووەتەوە، بە مەبەستی ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی گرژییەکان و زاڵکردنی زمانی گفتوگۆ و هێورکردنەوەی دۆخەکە، کە ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت لە چەسپاندنی سەقامگیری لە ناوچەکە و جیهاندا.