هەرێم نیوز
عەقیل فەتلاوی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتیی نووری مالیکی، بە فەرمی ئەجێندا و ئامانجی پشت دروستبوونی بەرە پەرلەمانییە نوێیەکەی نێو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی ژێر ناوی "هاوپەیمانیی بەهێزەکان" ئاشکرا کرد، کە تایبەتە بە چاودێریکردنی کارەکانی سەرۆکایەتیی پەرلەمان.
ڕێگری لە تاکڕەوی لە بڕیارەکاندا
گوتەبێژی دەوڵەتی یاسا ڕایگەیاند: "کۆبوونەوە و یەکگرتنی پەرلەمانتارانی لایەنە جیاوازەکان و پەرلەمانتارە سەربەخۆکان لەژێر چەتری (هاوپەیمانیی بەهێزەکان)، تەنها بە مەبەستی چاودێریکردنی وردی کارەکانی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق و ڕێگریگرتنە لە هەر جۆرە تاکڕەوییەک لە دەرکردنی بڕیارەکاندا."
فەتلاوی ئاماژەی بەوەش دا کە ئەوان لەم قۆناغەدا نایانەوێت ڕاستەوخۆ بچنە ناو ململانێی توند یان پرۆسەی لادانی کتوپڕی سەرۆکی پەرلەمان، بەڵکو لە ئێستادا چاوەڕێی جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانە دەکەن کە پێشتر لە پێناو ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی کارەکانی دامەزراوەی یاسادانان بەم بەرەی بڵندە دراون.
بژاردەی دوورخستنەوەی سەرۆکی پەرلەمان
گوتەبێژەکەی نووری مالیکی ڕوونی کردەوە، بیرۆکەی دوورخستنەوەی سەرۆکی پەرلەمان هێشتا نەکراوەتە کایەیەکی کرداری، چونکە هەنگاوێکی لەو شێوەیە پێویستی بە گفتوگۆ و ڕێککەوتنی پێشوەختەی قووڵ هەیە لە نێوان کوتلە سەرەکییەکاندا؛ جەختیشی کردەوە کە هەموو شتێک لە ڕۆژانی داهاتوودا بەندە بە جۆری ئەدا و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی دانیشتنەکانی پەرلەمان لەلایەن سەرۆکایەتییەکەیەوە.
جێی ئاماژەیە، هاوپەیمانێتی "بەهێزەکان" بەرەیەکی پەرلەمانیی نوێیە کە لە ناوخۆی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا لە چەندین پەرلەمانتاری سەر بە چوارچێوەی هەماهەنگی (نێو ماڵی شیعە) و ژمارەیەک پەرلەمانتاری سەربەخۆ پێکهاتووە، و بەپێی سەرچاوە سیاسییەکانیش ئەم بەرە نوێیە ڕاستەوخۆ لەلایەن نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاساوە ئاراستە دەکرێت.