هەرێم نیوز
بەرپرسانی باڵای کورد لە بەغدا ئاشکرایان کرد، کە وەزیری دارایی عێراق ئامادەیی نیشانداوە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەر لە هاتنی جەژنی قوربان بنێرێت، بەو مەرجەی دوای جەژن دۆسیەی داهاتی نانەوتی یەکلایی بکرێتەوە.
ئەمڕۆ هەینی، 22ـی 5ـی 2026، بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دارایی عێراق ڕایگەیاند، وەزیری دارایی دڵنیایی داوە کە بەر لە هاتنی جەژن مووچەی سەرجەم فەرمانبەرانی عێراق و هەرێمی کوردستانیش خەرج دەکرێت.
ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەگەر تاوەکو ڕۆژی دووشەممە کێشەی نەختینە (کاش) دروست نەبێت، پارەکە دەنێردرێت و پرسی داهاتی نانەوتی نابێتە ڕێگر، بەڵکو دوای جەژن کۆی ئەو داهاتە ناوخۆییەی لە هەرێم کۆکراوەتەوە (بڕی ١٢٠ ملیار دینارەکە) وەردەگیرێت.
هاوکات، شاندێکی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان کە بە مەبەستی یەکلاکردنەوەی وردەکارییەکان سەردانی بەغدای کردبوو، ئێوارەی ئەمڕۆ گەڕایەوە.
عەبدوڵڵا ڕەمەزان، سەرۆکی شاندەکە ڕایگەیاند: "هیچ گرفتێکمان لە بەغدا نییە و هەموو شتێک حازرە، ئەگەر وەزارەتی دارایی عێراق ڕۆژانی هەینی و شەممە دەوام بکەن، ڕەنگە لە هەفتەی داهاتوودا مووچەی هەرێمی کوردستانیش بدرێت."