هەرێم نیوز
واشنتۆن و بەغدا چوونەتە ناو قۆناغێکی پێشکەوتووی گفتوگۆ ئەمنییەکانەوە سەبارەت بە داهاتووی هێزەکانی "حەشدی شەعبی" و سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەی دامەزراوە ئەمنییەکانی عێراق، بە ئامانجی کورتکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا.
ئەمڕۆ هەیینی، 22ـی 5ـی 2026، زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم وتووێژە ئەمنییە پێشکەوتووانە هاوکاتن لەگەڵ سەردانی جەنەڕاڵی خانەنشینی ئەمریکی (دیڤید پەترایۆس) بۆ بەغدا بە سیفەتی ڕاوێژکار، کە تێیدا چەندین کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق ئەنجامداوە.
واشنتۆن پێی وایە شێوازی ئێستای حەشدی شەعبی کۆسپە لە بەردەم پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و داوای گۆڕانکاریی کرداری دەکات.
پلانە پێشنیارکراوەکەی ئەمریکا لە چەند خاڵ و قۆناغێک پێکدێت:
ڕادەستکردنی چەک: دەستپێکردن بە ڕادەستکردنی چەکە قورس و ناوەندەکان بە لایەنە ئەمنییە فەرمییەکانی عێراق بە شێوازێکی هێمن و دوور لە پێکدادان.
گۆڕانکاریی کارگێڕی و سەربازی: گواستنەوەی سەرپەرشتیی هێزەکان بۆ دەستی ئەفسەرانی پیشەگەر لەناو دەوڵەتدا.
تێکەڵکردن و پێداچوونەوە: پێداچوونەوە بە پێگەی سەرکردایەتییەکان و دۆزینەوەی میکانیزم بۆ تێکەڵکردنی ئەو هێزانە لەناو دەزگا فەرمییەکاندا بەپێی یاسا.
لەسەر ئاستی ناوخۆیی، ئەم پلانە ڕووبەڕووی ئاستەنگی گەورە بووەتەوە؛ گرووپە شیعەکان و لایەنە سیاسییەکان بە توندی دژی هەر هەنگاوێکن کە ببێتە هۆی کۆتاییهێنان بە ڕۆڵی حەشدی شەعبی، و بابەتەکە بە هاوسەنگییە ناوخۆییەکان و یاسای پەرلەمانەوە دەبەستنەوە.
هاوکات، حکومەتی عێراق بە وریاییەکی زۆرەوە مامەڵە لەگەڵ دۆسیەکەدا دەکات، دەیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا بپارێزێت بەبێ ئەوەی بکەوێتە ناو ڕووبەڕوبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ هێزە ناوخۆییە بەهێزەکاندا.