دواین هەواڵ

کوردستان‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەژی ئەمین : دەیانەوێت بە ئەشکەنجەدان و سوکایەتیکردن، ڕاگیراوانی لالەزار تاوانبار بکەن

هەرێم نیوز

ئەژی ئەمین، لە ئەکاونتی شەخسی خۆی لە فەیسبببوک ڕاگەیەندراوێکی ئاراستەی ڕای گشتی، هاووڵاتیانی کوردستان و نوێنەرایەتیی وڵاتانی بیانی لە هەرێمی کوردستان کرد؛ تێیدا تیشک دەخاتە سەر بەڕێوەچوونی پرۆسەی دادگاییکردنی ڕاگیراوانی لالەزار و سەرانی ئێستای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە پێشێلکردنی یاسا و بەکارهێنانی ئەشکەنجە تۆمەتبار دەکات.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "ئەوەی لە میانەی بەڕێوەچوونی دادگاییکردنی ڕاگیراوانی لالەزار ڕوویدا و بیسترا، مایەی هەڵوەستە لەسەرکردنە. سەرانی ئێستای یەکێتی لە دەباشان دەیانەوێت ئەو حوکمڕانییەی خۆیان لەناو شاردا پیادە بکەن و حورمەتی دادگا بشکێنن."

ئەژی ئەمین دەڵێت: "دوای سێ جار دادگاییکردنی ڕاگیراوانی لالەزار، دەرکەوت کە دادگاییکردنەکە گاڵتەجاڕانەیە. بافڵ و قوباد تاڵەبانی دوور لە بەهاکانی مرۆڤایەتی و ڕەوشتی کوردانە، دەیانەوێت بە ئەشکەنجەدان، سوکایەتیکردن و ئازاردانی نامرۆڤانە، لە دوای پەلاماردانی هۆتێل و ماڵ و موڵکی خەڵک و هاوسەرۆکی پێشووی یەکێتی و شەهیدکردنی چەند پێشمەرگەیەکی ئەنجومەنی ئاسایش، بە زۆر دانپێدانان بە ڕاگیراوان واژۆ بکەن و لەسەر کارێک تاوانباریان بکەن کە نەیانکردووە."
ئاماژەی بەوەش کردووە، لە کاتی بەڕێوەچوونی دادبینییەکەدا و لەبەردەم دادوەر، پارێزەران و نوێنەری وڵاتانی بیانی، یەکێک لە شاهێدەکان شایەتیی داوە کە لەژێر ئەشکەنجەدا دانپێدانانی پێ ئیمزا کراوە و سوکایەتیی جەستەیی پێکراوە.

دەشڵێت، بەپێی جاڕنامەی جیهانیی مافەکانی مرۆڤی ساڵی ١٩٤٨، پەیماننامەی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەکانی ساڵی ١٩٦٦، و ڕێککەوتننامەی دژە ئەشکەنجەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەشکەنجەدان بە تەواوی قەدەغەیە. هاوکات جەختی کردووەتەوە کە بەپێی ماددەی ٣٧ی دەستووری عێراق و ماددەی ٣٣٣ی یاسای سزادانی عێراقی، هەر دانپێدانانێک بە ئەشکەنجە و ئازار وەرگیرابێت، بە پووچەڵ دادەنرێت.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "جێگەی سەرسوڕمانە، هێزێک بە چەندین چەکی قورس، تۆپ، هاوەن و درۆن لە ناو جەرگەی شاردا هێرشیان کردە سەر برازاکانی مام جەلال و ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، کەچی ئێستا دادگا لەجیاتی لێپرسینەوە لە خوێنی قوربانیانی ئەو ڕووداوە، هاتووە دادگایی ئەو کەسانە دەکات کە هێرشیان کراوەتەسەر."

لە کۆتاییدا، ئەژی ئەمین داوای لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، دادوەران، پارێزەران و خەڵکی کوردستان کردووە کە لە بەرامبەر ئەم پێشێلکارییانە بێدەنگ نەبن و ڕێگری لە گۆڕینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ "کۆمپانیایەکی بازرگانیی شەخسی" لەلایەن سەرکردایەتیی ئێستای حزبەکەوە بگرن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP