هەرێم نیوز
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بە ئامادەبوونی وەزیری دارایی، ئاڵوگۆڕ لە پۆستەکانی بەڕێوەبەری گشتیی بودجە و بەڕێوەبەری گشتیی بانکی ناوەندیی هەرێم لقی سلێمانی ئەنجام درا.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 17ـی 5ـی 2026، وەزارەتی دارایی و ئابووری لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە مەراسیمێکدا بە سەرپەرشتیی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری، پرۆسەی ئاڵوگۆڕکردن لەو دوو پۆستە باڵایەی وەزارەتەکەدا بەڕێوەچوو.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، دکتۆر ماکوان جەمیل کە پێشتر بەڕێوەبەری بانکی ناوەندیی هەرێم لقی سلێمانی بوو، وەک بەڕێوەبەری گشتیی بودجە بە وەکالەت لە وەزارەتی دارایی و ئابووری دەستبەکار بوو.
هاوکات، کەمال ڕەئوف وەک بەڕێوەبەری گشتیی بانکی ناوەندیی هەرێم لقی سلێمانی بە وەکالەت دەستبەکار بوو، ئەمەش سەرەڕای بەردەوامبوونی لەسەر ئەرکەکەی پێشووی وەک بەڕێوەبەری گشتیی گومرگ لە هەرێمی کوردستان.