هەرێم نیوز
مامۆستا سۆران عەبدولکەریم، کە بەهۆی نەخۆشییەوە توانای قسەکردنی لەدەست داوە، لە ڕوونکردنەوەیەکدا وردەکاریی نەخۆشییەکەی ئاشکرا کرد و ڕەتی کردەوە کە تووشی شێرپەنجە بووبێت، هاوکات ڕایگەیاند کە لە ئێستادا ئازارەکەی کەمتر بووەتەوە.
ئەمڕۆ شەممە، 16ـی 5ـی 2026، مامۆستا سۆران عەبدولکەریم لە ڕوونکردنەوەیەکدا سەبارەت بە تێکچوونی بارودۆخی تەندروستیی ڕایگەیاند، لە ئێوارەی ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانەوە لەپڕ قوڕگی تووشی ئازارێکی زۆر قورس بووە.
ئەو دەڵێت ئازارەکەی بە شێوەیەک بووە وەک ئەوەی پارچەیەک ئاگر قوڕگی بسووتێنێت، بەڵام لە سەرەتادا زۆر گوێی پێ نەداوە و تەنیا حەبی هەوکردن و ئازارشکێنی بەکارهێناوە.
دواتر لە شەوی جەژندا بە ئۆتۆمبێل گەشتی عومرەی کردووە، بەڵام لەو ١٠ ڕۆژەی لە عومرە بووە تاوەکو گەڕاوەتەوە، ئازارەکەی نەشکاوە.
سەبارەت بە دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکەی، مامۆستا سۆران ڕوونیکردووەتەوە کە دوای گەڕانەوەی بۆ کوردستان و ئەنجامدانی ژمارەیەک پشکنین، دەرکەوتووە تووشی هەوکردنی کڕکڕاگە و ئەستووربوون بووە لە لای ڕاستی ئەو کڕکڕاگەیەی کە پێی دەوترێت (کڕکڕاگەی دەرەقی).
جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە سوپاس بۆ خودا تاوەکو ئێستا هیچ نیشانەیەکی خراپی وەکو شێرپەنجەی نییە.
لەبارەی هۆکاری قسەنەکردنیشییەوە، ئەو مامۆستایە ئاماژەی بەوە کردووە کە پزیشکان ئاگاداریان کردووەتەوە نابێت بە هیچ شێوەیەک قسە بکات. ئەویش ڕێنماییەکانی جێبەجێ کردووە و دەڵێت لە ئێستادا ئازاری کەمترە، بەڵام ناتوانێت قسە بکات و دەنگی بە حاڵ دەردەچێت.
بڕیاریشە ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی چەند پشکنینێکی دیکەی بۆ بکرێت، و ئەگەر لە هەرێمی کوردستان چارەسەر نەکرێت، ئەوا پێشنیازی چەند پزیشکێکی بۆ کراوە بۆ ئەوەی بچێتە ئوردن یان تورکیا.
پەیوەست بەم بابەتە، مژدە ڕەئووف، بەڕێوەبەری ئەوقافی چەمچەماڵ بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە کە نزیکەی ١٠ ساڵە مامۆستا سۆران لە چەمچەماڵ ناژی و لە سنووری سلێمانی نیشتەجێیە، بۆیە لە نزیکەوە ئاگاداری دۆخی نین.
لای خۆشیانەوە، دوو بەرپرسی باڵا لە ئەوقافی سلێمانی بە میدیاکانیان ڕاگەیاندووە کە بەهۆی ئەوەی مامۆستا سۆران گوتاربێژی فەرمیی سەر بە ئەوقاف نییە، بەتەواوی ئاگاداری دۆخی تەندروستیی نین.