هەرێم نیوز
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، مەفرەزەکانی نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی ڕزگاری دوو تۆمەتباریان دەستگیرکردووە کە هەوڵیاندابوو چەند ئۆتۆمبێلێک لە گەراجی ماڵێکی چۆڵدا بدزن.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی پۆلیسی سلێمانی، هاووڵاتییەک نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی ڕزگاریی ئاگادارکردووەتەوە کە دوو کەس چوونەتە ناو گەراجی ماڵەکەی لە گەڕەکی ڕزگاری و هەوڵی دزینی ئۆتۆمبێلەکانیان داوە.
دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، مەفرەزەکانی پۆلیس دەستیان بە بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاری کرد و توانییان لە کاتێکی پێوانەییدا، هەردوو تۆمەتبارەکە دوای هەڵاتنیان بدۆزنەوە و دەستگیریان بکەن.
تۆمەتبارە دەستگیرکراوەکان پێکهاتوون لە:
• (ب، ب، ه)
• (ب، س، ص)
پۆلیسی سلێمانی ئاشکرای کردووە کە لە کاتی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا دەرکەوتووە، یەکێک لەم دوو تۆمەتبارە پێشتریش ڕابردووی تاوانکاریی هەبووە و لەسەر ئەنجامدانی تاوانێکی هاوشێوەی دزیکردن دەستگیرکراوە.
لە ئێستادا بە بڕیاری بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوە، هەردوو تۆمەتبارەکە بەپێی ماددەی (٤٤٤) لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراون و پڕۆسەی لێکۆڵینەوەی قووڵ لەگەڵیاندا بەردەوامە بۆ ئاشکراکردنی تەواوی ڕەهەندەکانی تاوانەکە.