هەرێم نیوز
عێراق ڕووبەڕووی یەکێک لە توندترین قەیرانەکانی ئاو دەبێتەوە لە مێژووی خۆیدا، بە جۆرێک کە ئاستی یەدەگی ستراتیژیی ئاوی وڵاتەکە لە 18 ملیار مەتر سێجاوە بۆ نێزیکەی 10 ملیار مەتر سێجا دابەزیوە، ئەمەش کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر کەرتی کشتوکاڵ دروست کردووە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 26ـی 5ـی 2026، فرات تەمیمی، سەرۆکی پێشووی لێژنەی کشتوکاڵ و ئاو لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بڵاویکردەوە، عێراق بە کردەیی چەند ساڵێکە چۆتە ناو تونێلی وشکەساڵییەوە و قەیرانەکە لە دۆخێکی کاتییەوە گۆڕدراوە بۆ ڕەورەوەیەکی بەردەوام و پەرەسەندوو.
ئاماژەی بەوەش کردووە، وەرزەکانی وشکەساڵی وایان کردووە کە هەندێک لە وڵاتانی دراوسێ بتوانن ساڵانە بە بڕی نێزیکەی ملیارێک دۆلار بەرهەمی کشتوکاڵی هەناردەی عێراق بکەن.
سەرۆکی پێشووی لێژنەی کشتوکاڵ ڕوونی کردووەتەوە، کە سیاسەتی دروستکردنی بەنداوەکان لەسەر ڕووبارە هاوبەشەکان لە لایەن وڵاتانی سەرچاوەوە بە شێوەیەکی زێدەڕۆیانە و بێ ڕەچاوکردنی بەشەئاوە دادپەروەرانەکان بەڕێوەدەچێت، کە بەهۆیەوە عێراق و بەتایبەتیش شاری بەغدا زیانی ڕاستەوخۆیان بەرکەوتووە.
جەختیشی کردووەتەوە، ئەگەر ستراتیژییەکی نیشتمانیی گشتگیر بۆ دۆزینەوەی بەدیلی ڕاستەقینە و کەمکردنەوەی بەفیڕۆدان جێبەجێ نەکرێت، لێکەوتەکانی وشکەساڵی لە ساڵانی داهاتوودا زۆر قورستر دەبن.
تەمیمی داوای لێدانەوەی پڕۆژە ستراتیژییەکانی وەک دووبارە بەکارهێنانەوەی ئاوی ئاوەڕۆکان بۆ کشتوکاڵ، ڕێکخستنی بەکارهێنانی ئاوە ژێرزەوییەکان و کۆکردنەوەی ئاوی بارانی کردووە، بۆ ئەوەی ڕەسیدی ئاوی عێراق بەهێز بکرێت.
سەبارەت بە پاشخانی ئەم قەیرانەش، پێشتر لە تەمموزی ڕابردوودا، وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق ڕایگەیاندبوو، کە کەمبوونەوەی بەردانەوەی ئاو لە وڵاتانی سەرچاوەوە و گۆڕانی کەشوهەوا بوونەتە هۆی دابەزینی زۆری کۆگای ئاو، بە جۆرێک کە ساڵی ئێستا بە یەکێک لە وشکترین ساڵەکان لە ساڵی 1933ـەوە تاوەکو ئێستا دادەنرێت؛ هاوكات تێکڕای داهاتی ئاوی حەوزی دجلە و فوڕات گەیشتووەتە تەنیا 27٪ بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، و ئاستی ئاوی ناو بەنداوەکانیش تەنیا 8٪ـی توانای کۆگا دەکات، کە ئەمەش نیشاندەری دابەزینی ئاستی ئاوە بە ڕێژەی 57٪ بە بەراورد بە ساڵی پێشووتر.