هەرێم نیوز
نوێترین وێنەی مانگە دەستکردەکان کە پاش هێرشە ئاسمانییەکانی دوێنێی ئیسرائیل بۆ سەر قووڵایی خاکی ئێران گیراون، پەکخستن و لەناوچوونی ژمارەیەک لە سەکۆ گەڕۆکەکانی هەڵدانی موشەکی بالیستیی سوپای پاسداران لە پارێزگای کرماشانی ڕۆژئاوای ئەو وڵاتە ئاشکرا دەکەن.
بەرزبوونەوەی دووکەڵ لە نێوەندی کۆمەڵگەی موشەکیی ژێر زەوی
ئەمڕۆ سێشەممە (٩ی حوزەیرانی ٢٠٢٦)، بەپێی ڕاپۆرتێکی تایبەت و شیکاریی وردی وێنە سەتەلایەتییەکان، تاوەکو ئێستاش دووکەڵێکی چڕ لەو شوێنانە بەرز دەبێتەوە کە سەکۆکانی هەڵدانی موشەکی تێدا جێگیر کرابوو. بەپێی پێگەی جوگرافی، ئەم بۆردومانە بە وردی پێگەیەکی پێکاوە کە دەکەوێتە نزیک کۆمەڵگەی موشەکیی ژێر زەویی ئێران، کە تاران وەک گەورەترین حەشارگەی ستراتیژیی موشەکە بالیستییەکانی لە ژێر زەویدا بەکاری دەهێنێت.
شیکەرەوە سەربازی و هەواڵگرییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، ئەو سەکۆیانەی لە کرماشان کراونەتە ئامانج، لە جۆری ئۆتۆمبێلە جووڵاوە گوازەرەوەکان بوون (TEL) کە توانای گواستنەوە و هەڵدانی ڕاستەوخۆی موشەکی بالیستییان هەیە؛ ئەمەش زیانێکی کوشندە و کاتی بە توانای هێرشبەریی تاران دەگەیەنێت.
شکاندنی هاوکێشەی "سەکۆ نەدۆزراوەکان"
ئەم پێشهاتە سەربازییە لە کاتێکدایە، کە پێشتر لە ڕووی تاکتیکییەوە وا پێشبینی دەکرا کە سەکۆ گۆێزەرەوەکانی ئێران بەهۆی جووڵەی بەردەوام و پاشەکشێی خێرایان بۆ ناو تونێل و کۆگا کۆنکرێتییەکانی ژێر زەوی، ناتوانرێت لە ڕێگەی هێرشی ئاسمانییەوە بە ئاسانی تێکبشکێنرێن.
بەڵام نوێترین شیکارییە تەکنیکییەکان پشتڕاستی دەکەنەوە کە ئەمجارە هێزی ئاسایی یان موشەکیی هاوێژراو، بە چەکێکی یەکجار ورد و پێشکەوتوو پێگەکەی پێکاوە، ڕێک لەو چرکەسەتەیەی کە سەکۆکان لە دەرەوەی تونێلەکان و لەسەر گرنگترین هێڵی کۆگای موشەکیی ژێر زەویی ئێران بوون لە پارێزگای کرماشان.
ئەم هێرشە پشتڕاستی لێدوانەکانی دوێنێی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەکاتەوە کە بە نیگەرانییەوە ڕایگەیاندبوو؛ فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) لە ڕووی زانیاریی هەواڵگرییەوە هاوکار و بەشدار بووە لەم هێرشە وردانەی ئیسرائیل بۆ سەر پێگە حەشاردارەکانیان.