هەرێم نیوز
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا، هۆشداریی ئەمنیی توندی بۆ هاووڵاتییانی خۆی لە هەریەک لە ئوردن و عێراق دەرکرد، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ناوچەکە بە دۆخێکی ئاڵۆزی ئەمنیدا تێدەپەڕێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 11ـی 6ـی 2026، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی بوونی ڕاپۆرت لەبارەی بینینی مووشەک، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و ڕۆکێت لە ئاسمانی ئوردن، پێویستە هاووڵاتییانی ئەمەریکی لەو وڵاتە لە ماڵەکانیان بمێننەوە و بە وردی چاودێریی ئاگادارییە خۆجێییەکان بکەن.
باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە ئوردن جەختی کردەوە کە بەردەوام دەبێت لە بەدواداچوونی دۆخەکە و لە ئەگەری پێویستدا زانیاری زیاتر دەخاتە ڕوو.
لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئاستی هۆشداری ئەمنی بۆ عێراق بۆ پلەی چوار بەرزکردەوە و بەهۆی مەترسییە هەرێمایەتیەکانەوە، داوای لە هاووڵاتییانی کردووە کە ئاستی ئامادەییان بەرزبکەنەوە و بەردەوام چاودێریی سەرچاوە هەواڵییە خۆجێییەکان بکەن.
وەزارەتەکە هۆشداری داوە لەوەی کە ئەگەری هەیە گەشتەکان تووشی ئاستەنگ ببن و ئاسمانی وڵاتەکە بە خێرایی دابخرێت، بۆیە داوای کردووە هاووڵاتییانی ئەمەریکی بە هیچ شێوەیەک گەشت بۆ عێراق نەکەن و ئەوانەشی لەوێن، بە خێرایی عێراق بەجێبهێڵن.