دواین هەواڵ

جیهان‌

 5 کاتژمێر پێش ئێستا

نەتانیاهۆ: ئەردۆغانی "کوردکوژ" نابێت وانەی ئەخلاق فێری ئیسرائیل بکات

هەرێم نیوز

بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە پەیامێکی تونددا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، وەڵامی ڕەخنەکانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیای دایەوە و بە "دیکتاتۆر و کوردکوژ" ناوی برد.

ئەمڕۆ چوارشەممە، ١٠ـی حوزەیرانی ٢٠٢٦، نەتانیاهۆ ڕایگەیاند: "ئەردۆغانی دژە جوو کە خەریکی جینۆسایدی کوردەکانە و پشتیوانی لە ڕێکخراوی تیرۆریستیی حەماس دەکات، هەروەها نەیارانی سیاسی خۆی سەرکوت و زیندانی دەکات، دوا کەسە کە دەتوانێت وانەی ئەخلاق بە حکوومەتی ئیسرائیل بدات."

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە درێژەی پەیامەکەیدا بەرگری لە کردەوەکانی وڵاتەکەی کرد و ڕایگەیاند: "سوپای ئیسرائیل کە بە ئەخلاقیترین سوپای جیهان دەناسرێت، بەردەوام دەبێت لە گرتنەبەری هەنگاوی یەکلاکەرەوە دژی ئێران و بریکارەکانی کە هەڕەشەن بۆ سەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان."

نەتانیاهۆ جەختیشی کردەوە کە ئیسرائیل بەبێ گوێدانە ئەم جۆرە لێدوانانە، لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی ئێران و گروپە هاوپەیمانەکانی دژی ئاسایشی ناوچەکە بەردەوام دەبێت و هەموو ئۆپەراسیۆنەکانیان لە پێناو پاراستنی ئاسایشی هاووڵاتییانی ئیسرائیل و ڕێگریکردن لە ناسەقامگیریدا دەبێت.

ئەم لێدوانانەی نەتانیاهۆ لە کاتێکدایە کە پرسی مافەکانی کورد لە تورکیا بەردەوام سەرنجی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤی ڕاکێشاوە، بەڵام ئەنکەرە هەمیشە ئەم ڕەخنانەی ڕەت کردووەتەوە و کارەکانی بە پاراستنی سەقامگیری و بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە ئەمنییەکان ناودێر کردووە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP