دواین هەواڵ

جیهان‌

 13 کاتژمێر پێش ئێستا

نیویۆرک تایمز: هێرشەکانی ئێران بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا پووچەڵکرانەوە و هیچ زیانێکیان نەبووە

هەرێم نیوز

ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز"ی ئەمریکی لە زاری بەرپرسێکی باڵای وڵاتەکەیەوە ڕایگەیاند، هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە سەرکەوتوویی توانیویانە سەرجەم ئەو هێرشە موشەکی و ئاسمانییانە بەرپەرچ بدەنەوە کە لەلایەن ئێرانەوە کرابوونە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

بەرپەرچدانەوەی هێرشەکان لەلایەن هاوپەیمانانەوە
بەپێی زانیارییەکانی ئەو بەرپرسە ئەمریکییە، تا ئێستا هیچ زانیاری و ڕاپۆرتێک لەبارەی بوونی زیانی گیانی یان مادیی بەرچاو لەو بنکانەوە پێنەگەیشتووە کە لەلایەن سوپای پاسدارانەوە کرابوونە ئامانج و سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئەمریکا سەرجەمیانی تێکشکاندووە.

هاوکات لەگەڵ ئەم پەرەسەندنانەدا، هەریەکە لە وڵاتانی بەحرەین و کوێت بە فەرمی ڕایانگەیاند، کە سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانییان بە سەرکەوتوویی ڕێگرییان لە چەند هێرشێکی ئاسمانی کردووە کە لە خاکی ئێرانەوە ئاڕاستەی ناوچەکە کرابوون.

ئوردن پێنج موشەکی ئێرانی خستەخوارەوە
لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوە فەرمییەکانی هێزە چەکدارەکانی ئوردن ڕایانگەیاند، بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەیان توانیویەتی پێنج موشەکی بالیستیی ئێران ڕێگری لێ بکات و بیخاتە خوارەوە، کە ئامانجیان لێدانی بنکەی سەربازیی "ئەزرەق" بووە کە هێزەکانی ئەمریکای تێدا جێگیرن. سوپای ئوردن دووپاتی کردەوە کە پاشماوەی موشەکە تێکشکێنراوەکان لە ناوچە چۆڵەکان کەوتوونەتە خوارەوە و هیچ زیانێکی گیانی و برینداربوون تۆمار نەکراوە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر میدیا فەرمییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە زاری سوپای پاسدارانەوە، بە ئامانجگرتنی بنکەی سەربازیی ئەمریکایان لە ناوچەی ئەزرەقی ئوردن ڕاگەیاندبوو.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP