دواین هەواڵ

جیهان‌

 6 کاتژمێر پێش ئێستا

ترەمپ: توانای سەربازی ئێران نەماوە و وڵاتەکە بەرەو شکست دەچێت

هەرێم نیوز

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە نوێترین لێدوانیدا ڕایدەگەیەنێت، هێزە سەربازییەکانی ئێران لە دۆخێکی تەواو ناجێگیر و لاوازدان، بەجۆرێک تواناکانی هێزی دەریایی و ئاسمانی ئەو وڵاتە بەتەواوی لەکارکەوتوون، هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە ئێران لە ڕووی سەربازییەوە شکستیهێناوە و تەنها دروشم بەرزدەکاتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 10ـی 6ـی 2026، سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کردووە، گەمارۆی دەریایی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە سەرکەوتوترین هەڵمەتی دەریایی لە مێژووی جەنگە دەریاییەکان دادەنرێت و وەک دیوارێکی پۆڵایین وایە، کە ڕێگری لە هەر جموجۆڵێکی بازرگانی دەکات، جگە لەو حاڵەتانەی کە واشنتن خۆی ڕێگەی پێدەدات.

ترەمپ ئاماژەی بەوەش کردووە، ئێران لە ئێستادا هیچ جموجۆڵێکی بازرگانی ئەنجام نادات، توانای پێدانی مووچەی هێزە سەربازییەکانی نییە و هیچ یەکێک لە پابەندییە داراییەکانی جێبەجێ ناکات، ئەمەش وڵاتەکەی خێرا بەرەو ئاستی دەوڵەتی شکستخواردوو دەبات.

سەرۆکی ئەمریکا لە بەشێکی تری لێدوانەکەیدا، هۆکاری قەیرانەکانی ئێستای ئێرانی بۆ هەڵوێستی سیاسیی تاران گەڕاندەوە و ڕایگەیاند، بەرپرسانی ئێران ماوەیەکی زۆریان بەفیڕۆ داوە لە دانوستاندا بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک کە لە بەرژەوەندی خۆیان بوو، ئێستا ناچارن باجی ئەو دواکەوتنە بدەن.

لە کۆتایی پەیامەکەشیدا، ترەمپ ئاماژەی بەوە کردووە کە لەگەڵ هەموو ئەو فشارانەدا، هێشتا بڕێکی زۆر نەوت هەناردە دەکرێت و بە شێوازێکی پۆزەتیڤ وێنای دۆخەکەی کردووە.

شایەنی باسە، ئەم لێدوانەی سەرۆکی ئەمریکا لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتن لە ناوچەی کەنداو بەردەوامە و دوای ئەوەی لە 9ـی 6ـی 2026، فڕۆکەیەکی هێلیکۆپتەری ئەمریکی لە جۆری (ئەپاچی) لە نزیک گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە کرایە ئامانج، ئەمریکا وەڵامی سەربازیی خێرای بەرامبەر بەو وڵاتە ئەنجامدا.

لەم چوارچێوەیەدا، سەرۆک ترەمپ دووپاتی کردەوە کە ئیدارەکەی بەردەوام دەبێت لە سیاسەتی فشار بۆ سەر ئێران تا ئەو کاتەی دۆخەکە بە بەرژەوەندی ئەمریکا یەکلایی دەبێتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP