دواین هەواڵ

عێراق‌

 15 کاتژمێر پێش ئێستا

پەیامێکی نوێی ئەمریکا بۆ بەغدا؛ پشتگیریی گەورەی ئابووریی حکوومەتەکەی زەیدی دەکرێت بەرامبەر هەڵوەشاندنەوەی میلیشیاکان

هەرێم نیوز

لە دوای پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق بە سەرۆکایەتیی عەلی زەیدی، پەیوەندییە دیپلۆماسی و ئەمنییەکانی نێوان بەغدا و واشنتن وەرچەرخانێکی ستراتیژیی بەخۆیەوە بینیوە؛ ئەمریکا بەڵێنی پاڵپشتیی دارایی و ئابووریی بێپێشینە دەداتە حکوومەتەکەی زەیدی، ئەگەر بێت و لە پڕۆسەی کۆتاییهێنان بە دیاردەی چەکداری و هەڵوەشاندنەوەی گرووپە چەکدارەکان بەردەوام بێت.

ناوەرۆکی پەیامە دوو خاڵییەکەی واشنتن
ئەمڕۆ یەکشەممە (٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٦)، پێگەی نێودەوڵەتیی "مۆنت کارلۆ" لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کردووە، کە پەیامێکی گرنگ و نوێ لە لایەن ئیدارەی ئەمریکاوە گەیشتووەتە دەست عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق. پەیامەکە لە دوو خاڵی سەرەکی پێکدێت:

یەکەم؛ دووبارە داڕشتنەوەی هاوئاهەنگیی تەناهی: ڕێکخستنەوەی تەواوی پەیوەندییە ئەمنییەکانی نێوان واشنتن و بەغدا کە بەهۆی شەڕ و گرژییەکانی ئەمدواییەی نێوان ئەمریکا و ئێران تووشی جۆرێک لە پاشەکشە ببوو.

دووەم؛ پاڵپشتیی گەورەی ئابووری: واشنتن بەڵێنی داوە سەرجەم تواناکانی بۆ بوژاندنەوەی ئابووریی عێراق و سەرخستنی کابینەکەی زەیدی بخاتە گەڕ، بەو مەرجەی بەغدا سوور بێت لەسەر داماڵینی چەکی میلیشیاکان و سەپاندنی سەروەریی یاسا.

ڕاگەیاندنی ٣٥ هەزار دەرفەتی کار بۆ چەکدارەکان
هاوکات لەگەڵ ئەم پاڵپشتییە نێودەوڵەتییە، حکوومەتی عێراق پلانێکی گشتگیری بۆ کێشانەوەی چەکدارانی ناو گرووپەکان ڕاگەیاندووە؛ بەغدا ٣٥ هەزار دەرفەتی کاری نوێی لە ناو دامەزراوە ئەمنی و سەربازییە فەرمییەکانی دەوڵەتدا (سوپا و پۆلیس) کردووەتەوە، تاوەکو ئەو چەکدارانەی دەستبەرداری گرووپەکانیان دەبن، بە شێوەی یاسایی تێکەڵ بە هێزەکانی دەوڵەت بکرێن.
سەرۆکوەزیران زەیدی بەڵێنی بە بەرپرسانی ئەمریکا داوە، کە دوای جێبەجێبوونی ئەم قۆناغە، هێزە ئەمنییەکان ڕووبەڕووی سەرجەم ئەو گرووپە چەکدارانە دەبنەوە کە یاساکە ڕەت دەکەنەوە و ئامادە نین چەکەکانیان ڕادەست بکەن.

شەقبوونی ناوخۆیی گرووپە چەکدارەکان
زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە پڕۆسەی چەکداماڵین ناوماڵی گرووپە چەکدارەکانی بە تەواوی کردووە بە دوو کەرتبەوە:
بەرەی یەکەم کە پێکهاتوون لە (سەرایا سەلام، عەسائیبی ئەهلی حەق و کەتیبەکانی ئیمام عەلی) بە فەرمی ڕەزامەندییان لەسەر پلانی حکوومەت نیشانداوە بۆ تێکەڵبوونیان لە ناو هێزە فەرمییەکاندا.

بەڵام لە بەرامبەردا، گرووپە ڕادیکاڵەکانی وەک (کەتایبی حزبوڵای عێراقی، بزووتنەوەی نوجەبا و کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا) بە توندی بڕیارەکەی بەغدا ڕەت دەکەنەوە و نەک هەر چەک دانانێن، بەڵکو داوایان لەو گرووپانەی تر کردووە کە چەکەکانیان بەوان بفرۆشنەوە، ئەمەش مەترسیی سەرهەڵدانی پێکدادانی ناوخۆیی لە بەغدا و شارەکانی خوارووی عێراق زیاتر کردووە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP