دواین هەواڵ

عێراق‌

 12 کاتژمێر پێش ئێستا

مالیکی پشتگیریی هاوپەیمانییەکەی بۆ کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دامەزراوە فەرمییەکاندا ڕادەگەیەنێت

هەرێم نیوز

نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، لە دیدارێکدا لەگەڵ کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا ڕایگەیاند، پشتگیری لە سەرجەم هەوڵەکانی دەوڵەت دەکەن بۆ چەسپاندنی سەروەریی یاسا و کۆنترۆڵکردنی چەک لە دەستی دامەزراوە فەرمییەکاندا.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 7ـی حوزەیرانی 2026، نووسینگەی ڕاگەیاندنی نووری مالیکی بڵاویکردەوە، ناوبراو لە نووسینگەی خۆی پێشوازی لە جۆشوا هاریس، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە عێراق کردووە.

لە دیدارەکەدا پەرەپێدانی پێوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات، دوایین پێشهاتە سیاسییەکان و گفتوگۆی نێوان هێزە سیاسییەکان بە مەبەستی دەنگدان و یەکلاکردنەوەی پۆستە وەزارییە بەتاڵەکانی ناو حکومەت تاوێژ کران.

سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لەم کۆبوونەوەیەدا جەختی لەسەر گرنگیی جێگیرکردنی سەقامگیریی سیاسی و ئەمنی لە وڵاتدا کردەوە و پشتگیریی خۆی بۆ هەنگاوەکانی حکومەت لە پێناو کۆنترۆڵکردنی چەک و سنووردارکردنی تەنیا لە دەستی دامەزراوە فەرمییەکاندا دەربڕی، بەو ئاراستەیەی کە ببێتە هۆی پاراستنی پێگەی دەوڵەت، دابینکردنی ئاسایش و پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی عێراق.

هاوکات مالیکی ئاماژەی بە پێویستیی پابەندبوون بە جێبەجێکردنی بەندەکانی ڕێککەوتنامەی چوارچێوەی ستراتیژیی نێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کردەوە، بە جۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندیی هاوبەشی هەردوو لایەن بگەیەنێت، ڕێز لە سەروەری و سەربەخۆیی بڕیاری نیشتمانیی عێراق بگرێت، و هاوکار بێت لە گەشەپێدانی پێوەندییەکان لە بوارەکانی ئابوری، خوێندن، ڕۆشنبیری و ئەمنیدا کە لە ناوەڕۆکی ڕێککەوتنامەکەدا جێگیر کراون.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP