هەرێم نیوز
دەزگای دژەتیرۆری کوردستان (هەولێر) ڕایگەیاند، کە لە ڕێگەی دوو درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە هێرش کراوەتە سەر کۆگایەکی دانەوێڵە لە قەزای قوشتەپە، ئاماژەی بەوەش کردووە کە هێرشەکە زیانی ماددیی زۆری لێ کەوتووەتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 11ـی 6ـی 2026، دژەتیرۆری کوردستان بڵاویکردەوە، کاتژمێر 12:55ـی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە ڕێگەی دوو درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە لە جۆری (حەدید 110)، هێرش کراوەتە سەر کۆگایەکی دانەوێڵە لە قەزای قوشتەپەی سەر بە پارێزگای هەولێر. بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، جگە لە زیانی ماددیی زۆر کە بەر کۆگاکە کەوتووە، هیچ زیانێکی گیانیی لێ نەکەوتووەتەوە.
دژەتیرۆری کوردستان لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەیدا بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە کردووە و بە "تیرۆریستی" ناوزەندی کردووە، بەهۆی ئەوەی شوێنێکی سڤیلی هاووڵاتییانی کردووەتە ئامانج.