هەرێم نیوز
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان بە فەرمی دەستپێکردنی پڕۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی بۆ ئەمساڵ ڕاگەیاند؛ لەم چوارچێوەیەدا بۆ یەکەمجار پڕۆسەی نۆرەگرتن لەبەردەم سایلۆکان بە تەواوی کرا بە ئەلیکترۆنی، ئەمەش بە مەبەستی نەهێشتنی قەرەباڵخی و جەنجاڵی و ڕێکخستنی شایستەی پڕۆسەکەیە.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بۆ ئەمساڵ بڕی ٤٠٠ هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان لە ناو سایلۆکاندا وەردەگیرێت. پڕۆسەی وەرگرتنی ئەم بڕەش بەسەر دوو جۆر نرخدا دابەش کراوە؛ بەشێوەیەک لە چوارچێوەی پلاندا بڕی ٢٩٢ هەزار تۆن گەنم بە نرخی ٧٠٠ هەزار دینار بۆ هەر تۆنێک وەردەگیرێت، و لە دەرەوەی پلانەکەشدا بڕی ١٠٨ هەزار تۆن گەنم بە نرخی ٥٠٠ هەزار دینار بۆ هەر تۆنێک وەردەگیرێت.
سەبارەت بە دابەشبوونی بڕی گەنمی دیاریکراو بەسەر پارێزگاکانی هەرێمدا، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی ئاشکرای کرد کە پشکی پارێزگای سلێمانی بریتییە لە ١٥٠ هەزار و ٢٠٩ تۆن، پشکی پارێزگای هەولێر ١٢٢ هەزار و ٦٨٠ تۆنە، پشکی پارێزگای دهۆک ١١٦ هەزار و ٨٣تۆنە، و پشکی پارێزگای هەڵەبجەش بریتییە لە ١١ هەزار و ٠٢٨ تۆن گەنم.
بەرپرسی بازرگانیی هەرێم ئاماژەی بەوەش دا، سەرۆکی حكوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، لیژنەیەکی تایبەتی پێکهێناوە بۆ ئەوەی تەواوی ئەو بڕە گەنمەی لە دەرەوەی بازنەی سایلۆکانی حكوومەت دەمێنێتەوە، لە لایەن کەرتی تایبەتەوە لە جووتیاران بکڕدرێتەوە تاوەکو ماندووبوونیان بەفیڕۆ نەچێت. ئەمەش پاش ئەوە دێت کە لە ماوەکانی ڕابردوودا جووتیاران بەهۆی زۆریی ڕێژەی بەرهەمەکانیان، ناڕەزایەتییان بەرامبەر بەو بڕە کەمە نیشاندابوو کە لە لایەن حكوومەتی فیدراڵیی عێراقەوە بۆ هەرێم تەرخان کرابوو.
ڕێنماییە ناچارییەکانی سیستمی نۆرەگرتنی ئەلیکترۆنی
بەپێی ڕاگەیەندراوی فەرمیی بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانیی دانەوێڵە، داوا لە جووتیاران کراوە پێش گواستنەوەی بەرهەمەکانیان بەرەو سایلۆکان، لە ڕێگەی لینکێکی تایبەتەوە ناوی خۆیان تۆمار بکەن و نۆرە بگرن. گرنگترین خاڵەکانی ڕێنماییە نوێیەکەش بەم شێوازەن:
یەکەم؛ نۆرەگرتنی ئەلیکترۆنی بە تەواوی ناچارییە و بەبێ تۆمارکردنی ناو لە لینکە دیاریکراوەکە، بە هیچ شێوەیەک بەرهەمی هیچ جووتیارێک وەرناگیرێت.
دووەم؛ پێویستە جووتیار ڕێک لەو بەروار و ڕێکەوتەی بۆی دیاری دەکرێت لەبەردەم سایلۆ ئامادە بێت، چونکە بەپێچەوانەوە نۆرەکەی دەفەوتێت و دەبێت دووبارە لە سەرەتاوە ناوی خۆی تۆمار بکاتەوە.
سێیەم؛ پێویستە جووتیاران بە تەواوی دڵنیابن لە ڕاستی و دروستیی ئەو زانیارییانەی لە سیستمەکەدا تۆماری دەکەن، چونکە بوونی هەر کێشە یان هەڵەیەک لە زانیارییەکاندا دەبێتە هۆی ئەوەی ڕێگە بە بارهەڵگرەکە نەدرێت بچێتە ناو سایلۆوە.
چوارەم؛ پاش تەواوبوونی پڕۆسەی تۆمارکردن بە سەرکەوتوویی، کورتەنامەیەکی (SMS) پشتڕاستکردنەوە بۆ ژمارەی مۆبایلی جووتیارەکە دەنێردرێت کە وەک پسوڵەی چوونەژوورەوە وایە. بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانیی دانەوێڵەی هەولێر ئامانجی سەرەکیی لەم هەنگاوە نوێیە بۆ ڕێکخستنی وردی پڕۆسەی وەرگرتنی گەنم و کەمکردنەوەی جەنجاڵی لەبەردەم سایلۆکان گەڕاندووەتەوە.