دواین هەواڵ

کوردستان‌

 5 کاتژمێر پێش ئێستا

حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە 7 ساڵدا 810 پڕۆژەی ڕێگاوبانی تەواو کردووە

هەرێم نیوز 

حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە نێوان ساڵانی 2019 بۆ 2026، زنجیرەیەک پڕۆژەی ستراتیجیی رێگاوبانی بە گوژمەی ترلیۆنان دینار لە سەرتاسەری هەرێمدا جێبەجێ کردووە و پڕۆژەی نوێشی خستووەتە واری جێبەجێکردنەوە.

شەممە، 13ـی حوزەیرانی 2026، فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، راگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە تێیدا هاتووە، حکوومەتی هەرێم لە چوارچێوەی پلانی کارنامەی خۆیدا بۆ ماوەی نێوان ساڵانی (2019 – 2026)، گرنگییەکی تایبەتی بە پەرەپێدانی ژێرخانی گواستنەوە داوە. لەم ماوەیەدا، سەدان پڕۆژەی خزمەتگوزاری و ستراتیجی بە تێچووی تریلیۆنان دینار لە سەرتاسەری ناوچە جیاجیاکانی کوردستاندا جێبەجێ کراون.

پڕۆژە تەواوکراوەکان لە ماوەی حەوت ساڵی رابردوودا

بە پێی ئامارە فەرمییەکان، لە ماوەی حەوت ساڵی رابردوودا، 810 پڕۆژەی هەمەجۆری کەرتی رێگاوبان بە گوژمەی یەک تریلیۆن و 57 ملیار دینار لە لایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە خراونەتە واری جێبەجێکردنەوە و کارەکانیان تەواو بووە. بە هۆی ئەنجامدانی ئەم پڕۆژانەوە، 3 هەزار و 55 کیلۆمەتر رێگای نوێ دروست کراون یان نۆژەن کراونەتەوە، کە ئەمەش کاریگەریی ئەرێنی لەسەر ئاسانکاریی هاتوچۆی نێوان شار و شارۆچکەکان هەبووە.

 

پڕۆژە بەردەوامەکان و بودجەی تەرخانکراو

فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئاماژەی بەوە کرد، ئێستا 227 پڕۆژەی ستراتیجیی دیکە لە قۆناغی جێبەجێکردندان، چاوەڕوان دەکرێت بە تەواوبوونی ئەم پڕۆژانە، 2 هەزار و 239 کیلۆمەتر رێگای نوێ دروست بکرێن و نۆژەن بکرێنەوە. تێچووی گشتیی ئەم پڕۆژە بەردەوامانە بڕی 4 تریلیۆن و 179 ملیار دینارە.

 

گرنگترین ئەو پڕۆژە ستراتیجییانەی ئێستا کارکردن تێیاندا بەردەوامە بریتین لە:

دووسایدی کۆڕێ – شەقڵاوە – قەندیل: بە گوژمەی 97 ملیار و 375 ملیۆن دینار (50%ـی
کارەکانی تەواو بووە).

دووسایدی کۆیە – هەولێر: بە گوژمەی 683 ملیار دینار (40%ـی کارەکانی تەواو
بووە).

رێگای کەلار – دەربەندیخان: بە گوژمەی 591 ملیار و 860 ملیۆن دینار(30%ـی
کارەکانی تەواو بووە).

دووسایدی دووکان – چوارقوڕنە: بە گوژمەی 260 ملیار و 699 ملیۆن دینار (16%ـی
کارەکانی جێبەجێ کراوە).

 

هێڵکاری و سەلامەتیی رێگاکان

لە پێناو بەرزکردنەوەی ئاستی سەلامەتیی هاتوچۆ، کەمکردنەوەی رووداوەکان و پاراستنی گیانی هاووڵاتییان، لەم ماوەیەدا کارێکی بەرفراوان لەسەر دانانی هێماکان و دابینکردنی پێداویستییەکانی سەلامەتی ئەنجام دراوە، کە بەم شێوەیەیە:

-هێڵکاریی 2 هەزار و 723 کیلۆمەتر رێگا.

-دانانی 19 هەزار و 342 هێمای هاتوچۆ و کێشانی 62 کیلۆمەتر پەرژینی پارێزەر.

-دروستکردنی 59 پردی پەڕینەوەی پیادە لە شوێنە پێویستەکاندا.

 

سەرچاوەکانی دابینکردنی دارایی پڕۆژەکان

-بودجەی تایبەت بە دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی رێگاکان لە هەرێمی کوردستان لە سێ سەرچاوەی سەرەکییەوە دابین دەکرێت:

-بودجەی وەبەرهێنان (تایبەت بە پڕۆژە ستراتیجی و گەورەکان).

-بودجەی ئاسایی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن.

-تەرخانکردنی 30%ـی داهاتی وێستگەکانی کێش بۆ کارەکانی نۆژەنکردنەوەی رێگاکان.

ئەم هەوڵانە دەری دەخەن کە سەرەڕای بوونی بەربەست و تەنگژە داراییەکان، کەرتی رێگاوبان وەک یەکێک لە کارە لە پێشینەکانی حکوومەت سەیر کراوە، بە ئامانجی بەستنەوەی ناوەندە بازرگانییەکان و پێشکەشکردنی ئاسانکاریی پێویست بە هاووڵاتییان و گەشتیاران.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP