هەرێم نیوز
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی ئاساییی خۆی دەکات و سێ پرسی گرینگ تاوتوێ دەکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە ١٧ـی حوزەیرانی، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی ئاساییی خۆی ئەنجام دەدات.
لە کۆبوونەوەکەدا سێ بڕگە تاوتوێ دەکرێت:
١. وەرگرتنەوەی بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان، بۆ وەرزی چاندنی ئەمساڵ لەلایەن حکوومەتی فیدراڵەوە لە چوارچێوەی پلانی ساڵانە و گرفت و چارەسەرەکان، گفتوگۆ دەکرێ.
٢. بڕیاردان لەسەر بابەتی خانەنشینکردنی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، ئەوانەی کە مەرجی یاسایی تەمەن و ساڵانی خزمەتی خانەنشینییان هەبووە، دەخرێتە ڕوو.
٣. راگرتنی سوودمەندیی خاوەن داهاتە باڵاکان لە پڕۆژەی سەبەتەی خۆراکیی ناوەندی، کە لە لایەن وەزارەتی بازرگانیی فیدراڵی لە خەرجییە حاکمەکان پارەی بۆ تەرخان دەکرێت و تایبەتکردنی بە خاوەن داهاتە سنووردارەکان، گفتوگۆ دەکرێت.