دواین هەواڵ

کوردستان‌

 14 کاتژمێر پێش ئێستا

بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی: هاوڵاتیان تەنها ٢٠ ڕۆژ مۆڵەتیان هەیە بۆ وەرگرتنی بەشەخۆراک

هەرێم نیوز

نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان، هۆشدارییەکی توندی ئاڕاستەی هاوڵاتیان کرد و ڕایگەیاند، کە لەمەودوا تەنها ٢٠ ڕۆژ مۆڵەت هەیە بۆ وەرگرتنی بەشەخۆراکی مانگانە و لە دوای ئەو ماوەیە مافی هاوڵاتی دەفەوتێت.

ئەمڕۆ سێشەممە، 16ـی 6ـی 2026، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی ڕایگەیاند، سەرجەم بریکارەکانی دابەشکردنی بەشەخۆراک ئاگادارکراونەتەوە کە هەر هاوڵاتییەک لە ماوەی ٢٠ ڕۆژدا سەردانیان نەکات، دوای ئەو ماوەیە مافی وەرگرتنی بەشەخۆراکەکەی دەفەوتێت و بریکارەکە بەرپرس نابێت.

سەبارەت بە هۆکاری دەرکردنی ئەم بڕیارە توندە، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی ڕوونی کردەوە، بەهۆی هاتنی وەرزی هاوین و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، کۆگا و دوکانی بەشێک لە بریکارەکان مەرجی تەندروستییان تێدا نییە و گونجاو نین، بۆیە مانەوەی خۆراکەکان بۆ ماوەیەکی درێژ تێیاندا، دەبێتە هۆی تێکچوون و خراپبوونی کەرەستە بنەڕەتییەکان.

شێخ کامیل ئاماژەی بەوەش کرد، کە هەندێک لە هاوڵاتیان کەمتەرخەمن و دوای چەند مانگێک دەچنە لای بریکارەکان و داوای خۆراک یان پارەکەی دەکەن، بۆیە بۆ ڕێگریکردن لەم دیاردەیە، لەمەودوا ئەگەر ٢٠ ڕۆژەکە تێپەڕێت، چیدیکە بریکارەکە خۆراکەکە نادات و دەبێت هاوڵاتی خۆی بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانی بکات و ڕوونکردنەوەی فەرمی لەسەر هۆکاری دواکەوتنی وەرگرتنی بەشەخۆراکەکەی پێشکەش بکات.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP