دواین هەواڵ

جیهان‌

 15 کاتژمێر پێش ئێستا

میدیای ئیسرائیل: ترەمپ ڕەتیدەکاتەوە دەقی ڕێککەوتنی ئاشتیی تاران پێشانی نەتانیاهۆ بدات

هەرێم نیوز

لە پێشهاتێکی کتوپڕ و بێپێشینەدا لە پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و تەل ئەبیب، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، داواکارییەکی  بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی بۆ بینینی دەقی ڕێککەوتننامە مێژووییەکەی نێوان ئەمریکا و ئێران ڕەتکردەوە.

کەناڵی ١٢ی ئیسرائیلی لە ڕاپۆرتێکی بەپەلەدا بڵاویکردەوە، کە حکوومەتی ئیسرائیل بە شێوەیەکی فەرمی داوای لە ئیدارەی ئەمریکا کردووە دەقی ڕێککەوتنە ئەتۆمی و سیاسییە نوێیەکەی لەگەڵ ئێران پێشکەش بکات تاوەکو پێداچوونەوەی پێدا بکەن، بەڵام ئەم داواکارییە لە لایەن کۆشکی سپییەوە بە توندی ڕەتکراوەتەوە.

کەناڵە ئیسرائیلییەکە لە زاری سەرچاوەیەکی باڵا و ئاگادارەوە ئاشکرای کردووە، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم ڕەتکردنەوەیە و پەنادانی دەقەکە، بوونی ترسی قووڵە لە لایەن ئیدارەی ترەمپەوە؛ ئەوان نیگەرانن لەوەی کە ڕەنگە بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ناوەڕۆک و بڕگەکانی نێو ڕێککەوتنەکە بۆ میدیاکان دزە پێبکات پێش ئەوەی پرۆسەکە بە فەرمی بڵاوبکرێتەوە، بە مەبەستی تێکدانی یان دروستکردنی فشاری سیاسی.

بێبەشکردنی بەرپرسانی تەل ئەبیب تا کاتی واژۆکردنی فەرمی
هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە تل ئەبیب تا ئێستاش بە تەواوی ئاگاداری وردەکارییە هەمەلایەنەکانی نێو ئەم ڕێککەوتنە چاوەڕوانکراوە نییە کە بڕیارە لە ڕۆژانی داهاتوودا واژۆ بکرێت.

ڕاپۆرتەکە دووپاتی دەکاتەوە، کە سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری کۆتایی داوە و بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادات بەرپرسانی سیاسی و ئەمنیی ئیسرائیل دەستیان بە بڕگە جیاوازەکانی لێکتێگەیشتنەکە بگات پێش ئەوەی بە فەرمی لە نێوان واشنتن و تاراندا واژۆ بکرێت. ئەم هەنگاوەش بووەتە هۆی زیاتر قووڵبوونەوەی ئەو گرژییە دیپلۆماسییەی کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە نێوان هەردوو وڵاتدا بەهۆی مەلەفی ئاشتیی ئێرانەوە دروستبووە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP