هەرێم نیوز
محەمەد ئیسحاق دار، وەزیری دەرەوەی پاکستان و بەدر عەبدولعاتی، وەزیری دەرەوەی میسر لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا دواپێشهاتەکانی ناوچەکە، بەتایبەت یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئەمەریکایان تاوتوێ کرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 17ـی 6ـی 2026، ئەو دوو دیپلۆماتکارە باڵایە دیدگاکانی خۆیان لەبارەی دۆخی سیاسی و هەنگاوە نوێیە دیپلۆماسییەکان ئاڵوگۆڕ کرد.
بەپێی زانیارییەکان، یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆکەیان، پەیوەست بووە بە واژۆکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان تاران و واشنتن لە شاری "بۆرگن-ئەشتۆک" لە سویسرا.
هەروەها، وەزیرانی دەرەوەی پاکستان و میسر ڕایانگەیاند، کە لە ڕۆژانی داهاتوودا کۆبوونەوەیەکی چوارقۆڵیی نێوان (میسر، پاکستان، تورکیا و عەرەبستانی سعوودی) بەڕێوە دەچێت.
جێگەی باسە، ئەم چوار وڵاتە پێشتر ڕۆڵێکی کاریگەریان لە سازدانی کۆبوونەوەی ئیسلامئاباددا هەبووە، کە پێشینەی ئاگربەستی نێوان ئەمەریکا و ئێران بوو.
بڕیارە کۆبوونەوەی داهاتووی ئەم چوار وڵاتە بە میوانداریی قاهیرە ئەنجام بدرێت.