هەرێم نیوز
دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕایدەگەیەنێت، گەشتەکەی بۆ فەرەنسا سەرکەوتوو بووە و جەختیش دەکاتەوە کە ڕێککەوتنی نوێ لەگەڵ ئێران گەرەنتی ئەوە دەکات تاران چەکی ئەتۆمی بەدەست نەهێنێت و گەرووی هورمزیش بەخێرایی بەڕووی هاتووچۆدا بکرێتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 17ـی 6ـی 2026، دۆناڵد ترامپ لە ڕێگەی پلاتفۆرمی "تروو سۆشیاڵ"ـەوە ئاماژەی بەوە کرد کە چاوەڕوانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییە لە فەرەنسا و دواتریش بەشداری لە خوانێکی ئێوارە لە ڤێرسای لەگەڵ سەرکردە ئەوروپییەکان دەکات.
سەرۆکی ئەمەریکا بە شانازییەوە باسی لە ئامارە ئابوورییەکانی وڵاتەکەی کرد و وتی، ژمارەی ئەوانەی لە ئەمەریکا کار دەکەن لە مێژوودا بێوێنەیە و زیاتر لە 19.1 ترلیۆن دۆلار وەبەرهێنان لە کەرتی پیشەسازی و سێکتەرەکانی دیکەدا ئەنجام دراوە.
ترامپ لە بەشێکی تری لێدوانەکەیدا جەختی لە کاریگەریی ڕێککەوتنە نوێیەکە کردەوە و ئاماژەی بەوە دا کە بازاڕی پشکەکان گەشەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و نرخی نەوت بەهۆی ئەو گۆڕانکارییە سیاسییانەوە لە دابەزیندایە.
ناوبراو ئەوەشی خستە ڕوو کە سەرەکیترین بابەتی گفتوگۆکانی لەگەڵ سەرکردەکان، پرسی ڕێگریکردن لە ئێران بۆ دەستخستنی چەکی ئەتۆمی و کردنەوەی دەستبەجێی گەرووی هورمز بووە.