هەرێم نیوز
ئەنجوومەنی کۆلێجی زانستە ئیسلامییەکان لە ڕاگەیەندراوێکدا، لەبارەی بڵاوبوونەوەی تۆمارێکی دەنگی کە دراوەتە پاڵ مامۆستایەکی کۆلێجەکەیان، ڕایگەیاند، نابێت پێش لیژنەی لێکۆڵینەوە و دەزگا یاساییەکان بڕیار لەسەر ئەم دۆسیەیە بدرێت و داوای پاراستنی شکۆی زانکۆ و مامۆستایان دەکەن.
ئەمڕۆ دووشەممە، 22ـی 6ـی 2026، ئەنجوومەنەکە لە پەیامێکدا بۆ ڕای گشتی، نیگەرانیی خۆی دەربڕی لەوەی کە هەندێک لایەن بەبێ بەدواداچوونی یاسایی، کەوتوونەتە تۆمەتبارکردن و سوکایەتیکردن بە تێکڕای مامۆستایان و خوێندکارانی کۆلێجەکە.
ئەنجوومەنەکە جەختی کردەوە، مامۆستایانی زانکۆ هۆشیارن و ناکەونە ژێر کاریگەریی هەڵنان و پڕوپاگەندەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە.
سەبارەت بەو بەیاننامانەی بەناوی بەشێک لە مامۆستایانەوە بڵاوکراونەتەوە، ئەنجوومەنی کۆلێجەکە ڕایگەیاند، ئەو بەیاننامانە گوزارشت لە ڕای گشتیی مامۆستایان ناکەن و هیچ مامۆستایەک خاوەندارێتیی خۆی بۆ نەکردووە، بەڵکو بە کارێکی نابەرپرسانە و دوور لە پیشەیی وەسفیان کرد.
لە کۆتاییدا، ئەنجوومەنی کۆلێجی زانستە ئیسلامییەکان داوای لە لیژنەی لێکۆڵینەوە و لایەنی پەیوەندیدار کرد بە زووترین کات کاری جیددی بۆ دەرخستنی ڕاستییەکان بکەن و هەر کەسێکیش سنور دەبەزێنێت، ڕووبەڕووی ڕێکاری یاسایی بکرێتەوە.