هەرێم نیوز
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەولێر لە دوو دیداری جیاوازدا لەگەڵ تۆم باراک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کاروباری عێراق و سووریا کۆبووەوە، تیایدا دۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق، سووریا و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان تاوتوێ کران.
ئەمڕۆ سێشەممە، 16ـی 6ـی 2026، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی لەگەڵ تۆم باراک، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ئەنجام دا.
لەو کۆبوونەوەیەدا دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی سووریا و هاریکاریی کورد و دیمەشق تاوتوێ کران.
نێردەی ئەمەریکا جەختی لە بەردەوامیی پشتگیریی وڵاتەکەی بۆ ئارامی و سەقامگیری و دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ کێشەکانی سووریا کردەوە، لای خۆیەوە نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوە کرد کە پاراستنی مافی کورد و پێکهاتەکان و گفتوگۆ، تاکە ڕێگەی چارەسەرکردنی کێشەکانە.
لە دیدارێکی دیکەدا، نێچیرڤان بارزانی و تۆم باراک پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا، عێراق و هەرێمی کوردستانیان تاوتوێ کرد.
نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا پشتیوانیی بەهێزی وڵاتەکەی بۆ حکوومەتی عەلی ئەلزەیدی دووپات کردەوە و هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر گرنگیی کۆنترۆڵکردنی چەک لەلایەن دەوڵەتەوە.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختی لە پشتگیریی هەرێم بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور کردەوە.
هەروەها هەردوو لا پێشوازییان لە ڕێککەوتنی ئەمەریکا و ئێران کرد و هیواشیان خواست ببێتە هۆی هێنانەدیی ئاشتی و ئارامی لە ناوچەکەدا، هاوکات جەختیان لە گرنگیی گۆڕینی شێوازی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و عێراق بۆ هاوبەشییەکی ئابووریی هاوسەنگ و درێژخایەن کردەوە.