دواین هەواڵ

کوردستان‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

مونا قەهوەچی: پەکخستنی پەرلەمان بریندارکردنی بنەماکانی دیموکراسییە

هەرێم نیوز

جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان، پەکخستنی پەرلەمانی کوردستان بە بریندارکردنی بنەماکانی دیموکراسی و بێڕێزیکردن بە ئیرادەی هاووڵاتییان وەسف دەکات.

ئەمڕۆ دووشەممە، 22ـی 6ـی 2026، مونا نەبی قەهوەچی، جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان ڕایگەیاند، پەرلەمان نوێنەرایەتیی خواستەکانی خەڵک دەکات و هەر پەکخستنێکی، کاریگەریی نەرێنی لەسەر ژیانی سیاسی و ئابووری دەبێت.

قەهوەچی جەختی کردەوە، متمانەی نێوان خەڵک و دەسەڵات لە ڕێگەی ڕێزگرتن لە دامەزراوەکانەوە دروست دەبێت، بۆیە لایەنەکان دەبێت بەرژەوەندییە گشتییەکان بخەنە سەرووی بەرژەوەندییە تایبەتەکانەوە.

لە کۆتاییدا، ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد، چارەسەری کێشەکان تەنها لە ڕێگەی دامەزراوە دەستوورییەکانەوە دەبێت و نابێت هیچ پاساوێک بۆ پەکخستنیان هەبێت، چونکە هێزی هەرێم بەهۆی بەهێزبوونی ئەو دامەزراوانەوە دەپارێزرێت.

دەقی راگەیەنراوی مونا قەهوەچی:

کارا نەکردنی پەرلەمانی کوردستان و درێژبوونەوەی دۆخی پشوودان، تەنها کێشەیەکی سیاسی نییە، بەڵکو بریندارکردنی بنەماکانی دیموکراسی و بی رێزییە لە بەرامبەر دەنگ و ئیرادەی هاووڵاتیانی کوردستانە کە لە هەڵبژاردندا متمانەیان بە سیستمی دیموکراسی و دامەزراوە دەستورییەکان کردووە.

پەرلەمان وەک باڵاترین دامەزراوەی یاسادانان و چاودێریکردن، پێویستە نوێنەرایەتی خواست و بەرژەوەندییەکانی خەڵک بکات و بەردەوام لە جێبەجێکردنی ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانی خۆی بێت. هەر دواکەوتن یان پەکخستنی کارەکانی پەرلەمان، کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر ژیانی سیاسی، ئابووری و خزمەتگوزارییەکان جێدەهێڵێت و متمانەی هاووڵاتیان بە دامەزراوەکانی حکمرانی لاواز دەکات.

ڕێزگرتن لە دەنگی دەنگدەران و پاراستنی دامەزراوە دیموکراسییەکان، بنەمای سەرەکی دروستکردنی متمانەی نێوان خەڵک و دەسەڵاتە. لەبەر ئەوە، هەموو لایەنە سیاسییەکان پێویستە بە هەستی بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخە بکەن و بەرژەوەندییە گشتییەکان بخەنە سەر هەر بەرژەوەندییەکی تایبەت.

لە پێناوی هیچ بیانوو، پاساو یان ناکۆکییەکی سیاسییەوە نابێت دامەزراوە دەستوری و یاساییەکان پەکبخرێن یان لە کار بوەستنرێن، چونکە دامەزراوەکان موڵکی هیچ لایەن و کەسێک نین، بەڵکو موڵکی گەل و پایەی سیستمی دیموکراسی و دەوڵەتدارییەن. هەر لایەنێک کە کەمتر خەمی پاراستن، بەهێزکردن و کاراکردنی دامەزراوەکان بخوات، مێژوو باشترین شایەتی لەسەر هەڵوێست و بەرپرسیارێتییەکانی دەدات.

ئێمە پێمان وایە چارەسەری هەر کێشەیەک لە ڕێگای دامەزراوە یاسایی و دەستورییەکانەوە دەبێت، نەک بە پەکخستن و وەستاندنیان. هێزی هەرێم و متمانەی هاووڵاتیان بە بەهێزبوونی دامەزراوەکان دەپارێزرێت، و ئیرادەی خەڵکیش تەنها لە ڕێگەی دامەزراوە هەڵبژێردراوەکانەوە دەتوانێت بە شێوەیەکی دروست و دادپەروەرانە بەرجەستە بێت

          منی نبی قهوەچی 
جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP