دواین هەواڵ

تەندروستی‌

 5 کاتژمێر پێش ئێستا

وەزارەتی تەندروستی: وەرنەگرتنی نەخۆش بە بیانووی نەبوونی شوێن یان پارە سەرپێچییە

هەرێم نیوز

وەزارەتی تەندروستی جەخت لە بڕیارێکی توند دەکاتەوە بۆ وەرگرتنی دەستبەجێی سەرجەم نەخۆشە فریاکەوتنەکان لە نەخۆشخانەکانی کەرتی گشتی و تایبەت، و ڕایدەگەیەنێت هەر بیانوویەک بۆ وەرنەگرتنی نەخۆش لێپرسینەوەی یاسایی بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 14ـی 6ـی 2026، وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، لە کاتی ڕەوانەکردنی نەخۆش لە نەخۆشخانەیەک بۆ نەخۆشخانەیەکی دیکە، بەتایبەت نەخۆشانی فریاکەوتن، باری ناجێگیر و چاودێری چڕ، پێویستە سەرجەم نەخۆشخانەکانی کەرتی گشتی و تایبەت بە ئەرکی خۆیان هەڵبستن و دەستبەجێ کاری پێویست بۆ نەخۆشەکە ئەنجام بدەن.

وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی بەوەش کردووە، نابێت نەخۆش ڕەت بکرێتەوە یان وەرنەگیرێت بەبیانووی نەبوونی شوێن، نەبوونی چاودێری چڕ، باری ناجێگیری چارەسەر، یان نەبوونی خەرجی پێویست. 

لە کۆتاییدا وەزارەتەکە جەختی لەوە کردووەتەوە کە لە کاتی هەر کێشەیەکدا پێویستە ڕەچاوی مافی نەخۆش بکرێت و چارەسەری پێویستی بۆ ئەنجام بدرێت، بەپێچەوانەوە ڕێکاری یاسایی بەرامبەر سەرپێچیکاران دەگیرێتەبەر.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP