هەرێم نیوز
ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەوانی بەریتانی ئاشکرای دەکات، سوپای پاسدارانی ئێران لە ڕێگەی مانگێکی دەستکردی سیخوڕی و پێشکەوتووی چینییەوە، شوێنی وردی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکای لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستنیشان کردووە و پاشان هێرشی کردوونەتە سەر.
مانگی دەستکردی TEE-01B چییە؟
ڕۆژنامەی "فاینانشیاڵ تایمز" لە ڕاپۆرتێکدا کە پشت بە بەڵگەنامە دزەپێکراوەکانی ناو سوپای پاسداران دەبەستێت، ڕایگەیاندووە: هێزی ئاسمانی سوپای پاسداران مانگی دەستکردی (TEE-01B) بەکارهێناوە، کە لەلایەن کۆمپانیای "EarthEye"ی چینییەوە دروستکراوە. ئەم مانگە دەستکردە لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٤ لە چینەوە ڕەوانەی بۆشایی ئاسمان کراوە و دواتر تاران دەستی بەسەردا گرتووە.
وێنەگرتنی وردی بنکەکان پێش هێرشەکان:
بەپێی شیکارییە خولگەیی و وێنە دزەپێکراوەکان، فەرماندە سەربازییەکانی ئێران مانگە دەستکردەکەیان ئاراستە کردووە بۆ چاودێریکردنی وردی شوێنە ستراتیژییەکانی ئەمریکا. ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە وێنەکان لە مانگی ئازاری ڕابردوودا گیراون، ڕێک لەو کاتانەی کە پێش و دوای هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان و موشەکەکان بووە بۆ سەر ئەو شوێنانە.
توانایەکی نوێ بۆ تاران:
ئەم دۆزینەوە نوێیە نیشانی دەدات کە ئێران توانایەکی هەواڵگریی "ئاسمانی" نوێی بەدەستهێناوە، کە ڕێگەی پێداوە بە وردی بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا بکاتە ئامانج. ئەم هاوکارییە نهێنییەی نێوان پەکین و تاران، نیگەرانییەکی گەورەی لای بەرپرسانی واشنتن دروست کردووە، بەتایبەت کە چین وەک لایەنێکی کاریگەر لەم ململانێیەدا دەردەکەوێت.
ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە ئاستێکی مەترسیداردایە و هەردوولا لە حاڵەتی ئامادەباشی سەربازیی بەردەوامدان.