هەرێم نیوز
سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی جەژنی سەری ساڵی ئێزیدییەکانەوە، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم ئێزیدییەکانی کوردستان و جیهان دەکات و جەخت لە پاراستنی کولتووری لێبوردەیی و پێکەوەژیان دەکاتەوە.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە، ١٥ی نیسانی ٢٠٢٦، لە پەیامێکدا ڕایگەیاند: "جەژنی سەری ساڵی ئێزیدییان لە هەموو خوشک و برا و هاووڵاتییانی ئێزیدی لە کوردستان، عێراق و هەر شوێنێکی جیهان بن، بە گەرمی و لە دڵەوە پیرۆز دەکەم. هیوای جەژنێکی ئارام و پڕ لە خۆشی بۆ هەمووان دەخوازم."
سەرۆکی هەرێم لە پەیامەکەیدا دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە بە لانکەی تەبایی دەمێنێتەوە و وتی: "خوشک و برایانی ئێزیدی پشتڕاست دەکەینەوە کە هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە وڵاتی پێکەوەژیان، لێبوردەیی و یەکترقبووڵکردن بۆ هەموو پێکهاتەکان دەمێنێتەوە."
نێچیرڤان بارزانی جەختی لەوەش کردەوە کە سەرۆکایەتی هەرێم بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردن و پاراستنی ماف و داخوازییە ڕەواکانی ئێزیدییەکان و هیوای خواست ئەم سەری ساڵە ببێتە سەرەتای ساڵێکی پڕ لە سەرکەوتن و تەناهی بۆ هەمووان.
جەژنی سەری ساڵی ئێزیدییەکان کە بە "چوارشەممە سوور"یش دەناسرێت، لای خوشک و برایانی ئێزیدی وەک کۆنترین جەژنی نەتەوەیی و ئایینی دادەنرێت و ساڵانە لە یەکەم چوارشەممەی مانگی نیسان بە چەندین ڕێوڕەسمی ئایینی جیاواز یادی دەکەنەوە.