هەرێم نیوز
بڕیارە سبەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کۆببێتەوە و گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە پۆستە باڵاکانی پارێزگاکەدا بکات، تێیدا ڕێبوار تەها لە پۆستەکەی دەست لەکاردەکێشێتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ١٥ی نیسانی ٢٠٢٦، ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە نووسراوێکی فەرمی، داوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنەکەی کردووە. بڕیارە کۆبوونەوەکە سبەی کاتژمێر ١٢:٠٠ی نیوەڕۆ بەڕێوەبچێت.
بەپێی کارنامەی کۆبوونەوەکە، ڕێبوار تەها مستەفا بە فەرمی دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە پۆستی پارێزگاری کەرکووک پێشکەش دەکات. لە شوێنی ئەو، محەممەد سەمعان، سەرۆکی بەرەی تورکمانیی عێراق وەک پارێزگاری نوێی کەرکووک دەستبەکار دەبێت.
ئەم هەنگاوە وەک بەشێک لە ڕێککەوتنە سیاسییەکانی نێوان پێکهاتەکانی کەرکووک دەبینرێت بۆ ئاڵوگۆڕکردنی پۆستە کارگێڕییەکان. چاوەڕوان دەکرێت ئەم گۆڕانکارییە کاردانەوەی جیاوازی لایەنە سیاسییەکانی پارێزگاکەی لێبکەوێتەوە.
ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە کە دۆخی کارگێڕی و سیاسیی کەرکووک لە ماوەی ڕابردوودا جێگەی بایەخی لایەنە ناوخۆیی و هەرێمییەکان بووە و هەوڵەکان بۆ جێگیرکردنی دۆخی پارێزگاکە بەردەوامن.