هەرێم نیوز
دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئاماری هێرشە درۆنییەکانی ٢٤ کاتژمێری ڕابردووی ڕاگەیاند، کە کەمپی پەنابەرانی لە سێ ناوچەی جیاواز کردووەتە ئامانج و بەهۆیەوە شەهید و بریندار هەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 15ـی 4ـی 2026، دەزگای ئاسایشی هەرێم بڵاویکردەوە، ئاماری هێرشەکانی ڕۆژی سێشەممە 14ـی نیسان بەم شێوەیە بووە: کاتژمێر 5:15ـی ئێوارە هێرشێکی درۆنی کراوەتە سەر کەمپی پەنابەران لە شاری کۆیە.
هاوکات لە هەمان کاتژمێردا، سێ هێرشی درۆنی کراونەتە سەر کەمپی پەنابەران لە ناوچەی سوورداش، کە بەداخەوە بووەتە هۆی شەهیدبوونی کەسێک و برینداربوونی دوو کەسی دیکە.
سەبارەت بە هێرشەکانی ئەمڕۆ چوارشەممە 15ـی نیسان، ئاسایش ئاشکرای کردووە کە کاتژمێر 2:16ـی نیوەڕۆ، هێرشێکی دیکەی درۆنی کراوەتە سەر کەمپی پەنابەران لە ناحیەی دێگەڵە، بەڵام خۆشبەختانە ئەم هێرشەیان هیچ زیانێکی گیانیی لێ نەکەوتووەتەوە.
ئەم شەپۆلە نوێیەی هێرشە درۆنییانە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە لەژێر سایەی گرژییەکی توندی ئەمنی و سەربازیدایە و دامەزراوە ئەمنییەکانی هەرێم لە ئامادەباشیدان بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییان و پەنابەران.