دواین هەواڵ

کوردستان‌

 7 کاتژمێر پێش ئێستا

پارێزگای کەرکووک ڕوونکردنەوەیەک لەسەر دەنگۆی گۆڕینی ڕێبوار تەها بڵاودەکاتەوە

هەرێم نیوز

نووسینگەی ڕاگەیاندنی پارێزگاری کەرکووک ڕایدەگەیەنێت، کە تاوەکوو ئەم ساتە ڕێبوار تەها بە فەرمی لە ئەرکەکەی وەک پارێزگار بەردەوامە و هیچ نووسراوێکی دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەش نەکردووە، هاوکات پابەندیی خۆشی بۆ هەر بڕیارێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نیشان دەدات.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 15ـی 4ـی 2026، نووسینگەی ڕاگەیاندنی پارێزگاری کەرکووک لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، کە سەبارەت بەو دەنگۆ و هەواڵانەی لەبارەی گۆڕانکاری لە پۆستی پارێزگار بڵاو دەکرێنەوە، ڕێبوار تەها تاوەکوو ئەم ساتە بە فەرمی پارێزگاری کەرکووکە و بەردەوامە لە جێبەجێکردنی ئەرکە یاسایی و کارگێڕییەکانی خۆی.

نووسینگەی پارێزگار ئاماژەی بەوەش کردووە، کە ڕێبوار تەها پابەندیی خۆی نیشان داوە بۆ جێبەجێکردنی هەر بڕیارێک کە لە سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە بۆ ئاڵوگۆڕ لەم پۆستەدا درابێت، بەڵام جەخت دەکاتەوە کە تاوەکوو ئێستا هیچ نووسراوێکی دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەشی ئەنجوومەنی پارێزگا نەکردووە.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، دڵنیایی دراوەتە هاووڵاتییانی کەرکووک کە سەقامگیریی شارەکە و بەردەوامیی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان لە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەکانەوەیە، و کارەکانی پارێزگار بەردەوام دەبن تاوەکوو ئەو کاتەی بەرپرسیارێتییەکە بە کەسێکی دیکە دەسپێردرێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP