هەرێم نیوز
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان هۆشداریی توند دەداتە هاووڵاتییان کە خۆیان لە حەجی نایاسایی بەدوور بگرن، چونکە ڕووبەڕووی سزای دارایی قورس و دەرکردن لە وڵاتی سعوودیە دەبنەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 15ـی 4ـی 2026، کاروان ستوونی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی کوردستان ڕایگەیاند، بەپێی نوێترین ڕێککارەکانی وەزارەتی ناوخۆی سعوودیە، هەر کەسێک بەبێ مۆڵەتی فەرمی هەوڵی ئەنجامدانی فەریزەی حەج بدات، بە بڕی 20 هەزار ڕیاڵ (نزیکەی 8 ملیۆن دیناری عێراقی) سزا دەدرێت.
ئاماژەی بەوەش کرد، سزا داراییەکان لە هەندێک حاڵەتدا دەگاتە 100 هەزار ڕیاڵ (نزیکەی 40 ملیۆن دینار) و سەرپێچیکار بۆ ماوەی 10 ساڵ مافی سەردانکردنی سعوودیەی لێ دەسەندرێتەوە.
وتەبێژی حەج و عومرە جەختی کردەوە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پاڵپشتیی تەواوی پڕۆسە فەرمییەکەی کردووە تا باشترین خزمەتگوزاری پێشکەش بە حاجیان بکرێت.
داواشی لە هاووڵاتییان کرد نەکەونە داوی ئەو ڕیکلامانەی لە سۆشیال میدیا بەناوی "حەجی بازرگانی" یان "حەج لە دەرەوەی تیروپشک" دەکرێن، چونکە جگە لە سزای یاسایی، مەترسیی فەوتانی پارەکانیشیان لە ئارادایە.